واتای زاراوەی حوکمی گروپێکی کەم یان ئۆلیگارشی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-28-04:44:00 - کۆدی بابەت: 4951
واتای زاراوەی حوکمی گروپێکی کەم یان ئۆلیگارشی
زاراوە هەمەڕەنگەکان

شیکاری زاراوەی حوکمی گروپێکی کەم یان ئۆلیگارشی

ئۆلیگارشی یان حکوومەتێکی تاقمێکی کەم، مەبەست لەم زاراوەیە تەنیا دەسەڵاتی گروپێکی کەم نیە، بەڵکو مەبەست گروپێکی کەمە کە تەنیا لە بەرامبەر خەڵکیدا بەرپرس نین بەڵکو سیستەمێکی پڕ لە گەندەڵی و نالەبارییە یاخود لە ڕەهەندێکی ترەوە کەوتۆتە بەر ڕق و قینەی گشتی.

ئۆلیگارشی دەتوانێ لە هەر کۆڕ و کۆمەڵەیەکدا کە گروپێکی هاوبۆچوون بەسەر زۆربەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیەدا دەسەڵآتیان بێ ببێژرێ، لە واتای ڕامیاریدا ئەم زاراوەیە لەسەردەمی ئەفلاتوونەوە لەگەڵ واتای مۆنارشی (حکومەتی پادشا) و دیمۆکراستی حکومەتی جەماوەری خەڵکی جیاوازییەکی زەقی هەبووە، ئۆلیگارشی لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە هەمان شێوازی بەراوەژووی حکوومەتی خانەدانانە (ئاریستۆکراسی) ئەم چین بەندییە کە ئەفلاتوون دایڕشتووە، هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە هەرچەن لە تیری ڕەخنە گرانی بە دوور نەبووە بۆ نموونە هابز دەیگووت: (ئەوانەی لە ئاریستۆکراسی تووڕە دەبن، پێی دەڵێن ئۆلیگارشی).

ئەرستۆش سێ جۆرە حکوومەت دەست نیشان دەکات و بە ناوی سێ جۆری حکوومەتی چاک ناویان دەبا: حکوومەتی پادشایی، ئاریستۆکراسی و کۆماری، لە بەرامبەری ئەم سێ جۆرە حکوومەتە چاکەوە سێ حکوومەت کە لە ڕاستەڕی لایان داوە ناویان دەبا بە: پادشایەتی ستەمکار، ئۆلیگارشی و دیمۆکراسی. دەڵێ (ئۆلیگارشی ئەوەیە کە تەنیا قازانجی دەوڵەمەندانی تێدایە) هەروەها دەڵێ (ئۆلیگارشی ئەوەیە کە دەوڵەت لە ژێر ڕکێفی تاقمێ دەوڵەمەندا بێ). بە بڕوای ئەرەستۆ لە حکوومەتی ئۆلیگارشیدا دەسەڵات لە ژێر ڕكێفی تاقمێکی زۆر کەم لە دەوڵەمەنداندایە و مافی هەژاران لەم حکوومەتەدا پێشێل دەکرێ و تاقمی دەوڵەمەند تووشی گەندەڵی و ملهۆڕی دەبن. لەم سەردەمەشدا چونکە هەر جۆرە حکوومەتێک دەتوانێ ئۆلیگارشی بێ، ئۆلیگارشی کەوتۆتە بەر ڕەخنە هەروەک مەک ئایڤێر دەڵێ (بە پرسینی ئەم پرسیارە کە یەک کەس حکوومەت دەکا یان چەند کەس یاخود ژمارەیاکی زۆر لە خەڵکی، ناتوانین بە وردی دەوڵەتەکان چین بەندی بکەین، ژمارەیەکی زۆر یان خودی خەڵکی قەد حکوومەت ناکەن، حکوومەت کردن هەموو کات کاری گروپێکی زۆر کەمە، بابەتی گرنگ دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتی حکوومەتی گروپێکی زۆر کەم کە بەسەر کۆمەڵگادا حکوومەت دەکەن، لەم سۆنگەوە چەند کەس نابنە بەرپرسی ژمارەیەکی زۆر؟ ئۆلیگارشی هەر ئەمەیە).

ئاڤێر لە درێژەدا دەڵێ کە حکوومەتی ژمارەیەکی کەم بریتییە لە حکوومەتی چین، پارت یان گرووپێک کە مۆنارشی، ئیمپراتۆری، دیکتاتۆری، حکوومەتی ئاین یان هەر جۆرێکی تر لە حکوومەتمان بۆ دێننە دی، سپێتز دەڵێ کە حکوومەتی گروپێکی کەم لە بژاردەکانی کۆمەڵگا ناتوانێ ببێتە خاڵێکی گرنگ بۆ دابڕانی دیمۆکراسی و ئۆلیگارشی، (خاڵی سەرەکی بابەتی بەرپرس بوونە، ئەمەی کە دەسەڵات ڕێبەرایەتی لە رەزامەندی سەربەستانەی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێ و هەروەها ڕێبازێک کە ڕێبەر گرتوویەتە بەر، لەگەڵ ڕەزامەندی و ناڕەزامەندی خەڵکی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا باشە یان نا؟ کەواتە ئەم بەشانەی کە پەیکەری بەرپرسایەتی ڕامیاری پێک دێنن، پێوەری سەرەکین بۆ جۆری حکوومەت، نەک ژمارەی ئەو کەسانەی کە حکوومەتیان لە ئەستۆیە).


سەرچاوەکان



436 بینین