زاراوەی ئایدۆلۆژیا لە کۆمەڵناسیدا - ideology

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-25-04:59:00 - کۆدی بابەت: 4836
زاراوەی ئایدۆلۆژیا لە کۆمەڵناسیدا - ideology

ناوه‌ڕۆك

ئایدۆلۆژی لە کۆمەڵناسیدا

زاراوەی ئایدۆلۆژی لە تێکەڵاوی دوو وشەی (idea) و (logos) پێکهاتووە، یەکەمینیان بە مانای ئەندێشەیە و دووەمینیان تا ڕادەیەک بە مانای زانایی و ئاگادارییە. دەڵێن کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا لە لایەن فەیلەسووفی فەڕەنسی دێستوت دۆترێسی (Destutt de Tracy) بە واتای زانستی بیر و بۆچوونەکان، بە مەبەستی شرۆڤەی سەرچاوە و چۆنییەتی گۆڕانی ئەندێشەکان هاتۆتەدی. لە یەکەیم دەیەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا زاراوەی ئایدۆلۆژی جۆرێک لە سوکایەتی تێدابوو و دەبینین کە لە ئایدۆلۆژی ئەڵمانیشدا هەر ئەم سووکایەتییەی تێدایە، ئێستاش بۆ هەندێ لە لیبڕاڵەکان، زاراوەی ئایدۆلۆژی واتایەکی سووکایەتی ئامێزی تێدایە. سەرنجێک کە زانایانی کۆمەڵناسی، بە تایبەت لقەکانی کۆمەڵناسی مەعریفە، زانست و دین بەم زاراوەیانە داوە. بۆتە هۆی گرنگی ئەم زاراوەیە. بە چەشنێک بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وەکو وشەیەکی کلیلی سەیری دەکرا لەم بوارەدا کەسانێک وەکو ماک شیلەر، مانهایم و مارکس زۆرترین کاریگەرییان بەسەر ئەم زاراوەیەدا بووە. 

ئایدۆلۆژی بریتییە لە ڕێبازێکی سیستماتیک و ڕێکخراو، کە بنەماکانی بە تەواوی دیاریکراون. بەها و ئامانجەکان بە مرۆڤ فێر دەکا، بەرژەوەندییان لە بەرامبەر پرس و کێشەکان دیاری دەکا و ڕێنماییان دەکات. مانهایم ئایدۆلۆژی لە دوو واتای تایبەت و گشتیدا بەکار دەبا. بەڕای مانهایم، بۆچوونی مارکس و ناپلیۆن لەمەڕ ئایدۆلۆژی، کە بۆچوونێکی نێگەتیڤ و ئاڵوگۆڕکراوە، باس لە واتایەکی تایبەت دەکا کە تەنیا بەشێک لە ئایدۆلۆژی دەگرێتەوە. بەڵام کاتێک ئایدۆلۆژی بۆ باس لە کۆمەڵەیەک تایبەتمەندی و هەلومەرجی پێکهاتەیی خولێک لە مێژوو دێتە ئاراوە، لەگەڵ واتای گشتی ئایدۆلۆژییدا ڕووبەڕوو دەبێ. لە واتای دووەمدا، ئایدۆلۆژی لەگەڵ بیردۆزی کۆمەڵناسی مەعریفە نزیک دەبێتەوە، مانهایم دەست دەدا بە جیاکردنەوەی دوو واتای ئایدۆلۆژی و یۆتۆپیا و لەم ڕوانگەوە ئایدۆلۆژی بە بەرهەمی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ئابووری و مێژوویی کۆمەڵگاکان دەزانێ کە لە بەژنی جیهان بینی خولێکی مێژووییدا خۆی دەنوێنێ، مانهایم، یۆتۆپیا بە کۆمەڵێ ئاوات و ئامانجێک کە چینی هەژاری بێ دەسەڵات هەیانە پێناسە دەکات، بە ڕای ئەو بە هەمان ڕادەیەک کە ئایدۆلۆژی هان دەدا بۆ نەگۆڕان و سەقامگیری بارودۆخێک کە هەیە، یۆتۆپیا لە بیری گۆڕان و شۆڕشی کۆمەڵایەتیدایە، بۆیە یۆتۆپیا، ئایدۆلۆژییەکی شۆرشگێڕانەیە کە لە بیری گۆڕاندایە.

واتاكانی ئایدۆلۆژیا لەلای ماركس

ئایدۆلۆژی لە بەرهەمەکانی مارکسدا لە خولە جیاوازەکاندا بە سێ واتای جیاواز بەکار هاتووە،

١. بە واتای (ئاگاداری درۆینە)، کارێکی درۆینە و بە ئاوەژووی واقیع بە جێی ڕاستەقینە پێناسە کردن، ئەم واتا لە ئایدۆلۆژی ئەڵمانیادا هاتووە، چونکە ئەم  کتێبەی لە دەیەی ١٩٣٠دا بڵاوکرایەوە، بەرەی یەکەمی چالاکانی نێونەتەوەی دووەم و مارکسە ڕووسیەکان، شارەزاییەکیان لەمەڕ ئەم زاراوەیە نەبوو، مەگەر هەندێ لە وشیارترینەکانیان وەکو لووکاچ و کاڕێڵ کۆرش کە بە وردبوونەوە لە ناوەڕؤکی بەرگی یەکەمی کتێبی سەرمایە، ئەم ڕەهەندە گرینگەی بیر و بۆچوونی مارکسیان لێ ئاشکرا بوو.

٢. بە واتایی سیستەمی ئەندێشە. باوەڕ و بیری و کۆمەڵە بۆچوونێکی تۆکمەکراوی هەر چینێکی کۆمەڵایەتی، چالاکانێ وەکو ئیدوارد برێنشتاین، کائۆتێسکی، پۆلخانۆف، لینین، لۆگزامبورک ئەم واتایانە بە تێگەیشتنی مارکس لە ئایدۆلۆژی دەزانی، ئایدۆلۆژی لەم واتایەدا کە لە هەندێ نامیلکەی مارکس و ئەنگڵس و ژمارەیەک لە نووسراوەکانیان لەسەر شۆڕشی ١٩٤٨ دا هاتووە، بیردۆزێکی چینایەتییە و زیاتر وەکو جیهان بینی دەزانرێ.

٣. بە مانای سیستەمێکی گشتگیر لە بەرهەم هێنانی بڕوا و بیر و بۆچوون و تێگەیشتنەکان لە کۆمەڵگایەکی تایبەتدا. ئەم واتایە چەن جار لە نووسراوەکان مارکس و ئەنگڵسدا هاتووە. بە وردبوونەوە لەم تەوەرەدا دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتداری تێدا بەدی دەکرێ.

لە یەکەم لاپەڕەی دەستپێکی مارکس لەسەر ئایدۆلۆژی ئەڵمانیادا، ئایدۆلۆژی بە زانستی بڕواکان پێناسە دەکات، بەڵآم تەنیا بەم مەبەستەوە کە پیشان بدا ڕەخنەی تێر و تەسەلی لەسەرە، بەم جۆرە باسەکەی دەست پێدەکا: (تا ئێستا مرۆڤەکان بڕوای هەڵەیان سەبارەت بە خۆیان و ئەمەی کە چین و دەبێ چی بن، داڕشتووە. مرۆڤەکان باوەڕەکانی خۆیان بە گوێرەی بڕوایان بە خودا. مرۆڤی ئاسایی و سروشت، ڕێک و پێک کردووە. بەهەمەکانی مێشکیان لە دەرەوەی چاودێری خۆیاندایە، خەڵکی خۆیان ئافرێنەرن، کەچی لە بەرامبەر خواکانیان چۆک دادەدەن و کڕنوش دەبەن). پاشان گووتویە با ئێمە مرۆڤەکان لە بەندێکی بڕواکان و دەمار گرژییەکان و بوونەوەرانی خەیاڵی ڕزگار کەین و دژ بە حکوومەتی واتاکان شۆڕش کەین.

بیردۆزی مارکس سەبارەت بە ئایدۆلۆژی وەکو ئاگاداری درۆینە، پیشانی دا کە لە هەر خولێکی مێژوویدا باوەڕە باوەکان، باوەڕی چینی دەسەڵاتدارن کە دەبێ پاکانە بۆ حکومەت و دەسەڵاتیان بکات و بەردەوام ڕایبگرێ. بیری کۆتایی هاتنی سەردەمی ئایدۆلۆژی لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٥٠ و سەرەتایی دەیەی ١٩٦٠ لە کۆمەڵناسی ئەمریکادا هاتە ئاراوە، سەرەتا ئیدوارد شیلز ئەم باسەی کرد و پاشان (دانێل بێل) زیاتر پەرەی پێ دا. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە ڕایان وایە کە لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا بنەڕەتیترین گۆڕانکارییەکان بە هاوبەشی چینی کرێکار لە سیاسەتە لیبڕاڵ دیمۆکراسییەکان هاتۆتە ئەنجام، بۆیە دەبێ هان بدرێ ئەم بارودۆخە بپارێزێ و بە چوونە ناو ئەم قۆناغە مێژوویە نوێیە کە بە جۆرێک لەگەڵ کۆمەڵگای پاش پیشەسازی پێناسە دەکرێ، سیاسەتە ئەقڵانییەکان بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری کۆمەڵگاکاندا دادەسەپێنن، لە ئاوەها بارودۆخێکدا ئیدی ئایدۆلۆژییەکی نوێ نایەتە دی و سیاسەتە نوێکان تایبەتمەندی ئایدۆلۆژییکیان نییە.

تایبەتمەندییەكانی

(گی ڕۆشە) لە کتێبی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بەوە دەکا کە بۆ پێناسەی ئایدۆلۆژی دەبێ ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە لە بەرچاو بگرین: 

یەکەم: ئایدۆلۆژی بریتییە لە سیستەمێک لە بۆچوون و ڕای ئاشکرا و ڕێکخراو کە شوێنگەی گروپ یان کۆمەڵگایەک پاکانە، ڕاڤە و شرۆڤە دەکات و دەیچەسپێنێ، ئەم سیستەمە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەهاکان و ڕەوت و ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ چۆنییەتی کردە و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی ئەو گروپ یان کۆمەڵگایە پێشنیار دەکا، کەواتە بە گوێرەی ئەم پێناسەیە ئایدۆلۆژی لە نێو کلتوردا وەکو کۆمەڵەیەکی پێک بەستراو هاودەنگ و رێکخراو لە زانیارییەکان و هەروەها نوێنەر و پیشاندەری بیر و بۆچوونەکان دێتە ژمار.

دووەم: ئەم سیستەمە ئەو هەلە بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەل و مەرج و شوێنگەیەکی تایبەتدا دەژین، دەڕەخسێنێ کە چاکتر بتوانن پێناسە بۆ شوێنگەی خۆیان بکەن و باشتر لە واتاکانی بگەن و بیسەلمێنن، ئایدۆلۆژی پێیان دەڵێ کە چۆن و بۆچی و لەلایەن چ کەسێکەوە چەوساونەتەوە، بۆچی دواکەوتوون. بۆچی وڵاتێک تووشی فەوتان دێ و بۆچی دەبێ گۆڕانێک لە بارودۆخی ئێستادا بێتە ئاراوە لەم چەشنە پرسیارانە.

سێیەم: هەرچەند ئایدۆلۆژی سیستەمێکە لە ڕاوبۆچوونەکان بەڵام نابێ بە دیاردەیەکی تێگیران و ڕووبەڕووبونەوە بزانرێ، چونکە لەگەڵ قازانجە تاکەکەسی و بە کۆمەڵەکانی تاکەکاندا پەیوەندی هەیە، واتە قازانجی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لە پێگەی کۆمەڵایەتیان پارێزگاری بکەن، یان کەسانێک کە دەیانەوێ شوێنگەی خۆیان بگۆڕن و بارێکی چاکتر بە ژیانیان بدەن. بە واتایەکی تر ئایدۆلۆژی بە  گوێرەی قازانجێک کە بۆ تەکاکان هەیەتی، یا دان بە شوێنگە هەنووکەیەکاندا دەنێ، یاخود دەیانخانە بەر ڕەخنە.

بەڵآم دواتر ئایدۆلۆژی زۆر خراوەتە بەر ڕەخنە تەنانەت تاوانبار کراوە بە پارێزگەری (Conservatism). هەرچەندە ئەم تاوانبار کردنە بە تەواوی پووچەڵە و بێڵ دەڵێ (حاشا لە ئایدۆلۆژی، بۆ ئەوەی واتادار بێ، دەبێ نە تەنیا لە سیستەمی یۆتۆپیایی ڕەخنە بگرێ، بەڵکو دەبێ کۆمەڵگای واقیعیش بخاتە بەر ڕەخنە)، بەڵآم ناتوانین ئەم بیردۆزە بە شێوەی ڕەها بسەلمێنین و دانی پێدابنێن، چونکە ئایدۆلۆژییەکان لە بەها و نۆرمە کلورییەکانی کۆمەڵگا پێکدێن و هیچ کۆمەڵگایەکیش نییە کە کلتووری نەبێ، کەواتە چونکە ناتوانین بیر لە کۆتایی هاتنی ئایدۆلۆژییش بکەینەوە، هەروەها ئەمەش کە بیردۆزی کۆتایی هاتنی ئایدۆلۆژی لە هەلومەرجێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و مێژوویدا هاتۆتە دی، خۆی دەتوانێ ئایدۆلۆژییەک بێ، ڕەنگە باشتر بێ وا بڵێین کە لە کۆمەڵگا کراوەکاندا گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان بەپرسی نوێیان بۆ هاتۆتە دی و ئەم بەرپرسانە دەبنە بەربەرست لە بەرامبەر گۆڕانە ڕادیکاڵەکانەوە (بنچینەییەکان) کە بە هۆی کۆمەڵە ئایدۆلۆژییەکی ڕادیکاڵەوە دێنە دی.


سەرچاوەکان



2758 بینین