ئابووری جیهانی - global economy

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-24-23:02:00 - کۆدی بابەت: 4813
ئابووری جیهانی - global economy

ناوه‌ڕۆك

ئابووری جیهانی

ئەم واتایە ئەو کردە ئابوورییانە دەگرێتەوە کە لە زۆربەی وڵآتانی جیهاندا بەبێ گوێدان بە سنوورە جوگرافییەکان، ئەنجام دەدرێن، زۆرن ئەو کۆمەڵناسانەی کە ڕایان وایە کە ئیدی جیهان ئاوێتەیەک لە ئابووری گەلی نەتەوەیی لێک جیاواز نییە، بە پێچەوانەی ئەوە زۆر کۆمپانیای گەورەی وەکو ئەمریکەن تووریستێر و كۆمپانیا گەورەکانی ئۆتۆمبێل سازی، هەلی کار، شێوازی کار و ستانداردی ژیانی سەرجەمی خەڵکی دونیا دابین دەکەن. لە جیهانی مۆدێرندا ڕێکخراوە فرەنەتەوەییەکان بایەخێکی زۆریان هەیە، هەندێ لەم ڕێکخراوانە داهاتی ساڵآنەیان زۆرترە لە سەرجەم داهاتی وڵاتێکی مامناوەندی، بۆ نموونە باری ئابووری کۆمپانیای جێنێڕاڵز مۆتۆرز زیاترە لە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهاندا حکومڕانیان دەکرد، کەمتر وڵاتی ئەوروپی بوو کە لە دوورترین شوێنەکانی دونیادا خاوەن چەند کۆڵۆنێك نەبێ، هەرچەن ژمارەی کۆڵۆنییەکانی ئەمریکا لە چاو وڵاتانی تردا زۆر کەم بوو، بەڵام ئەمریکا توانی بە یارمەتی و لایەنگری سەربازی، بەشێکی زۆر لە وڵاتان ناڕاستەوخۆ بێنێتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، بە گشتی دەتوانین بڵێن کە کۆڵۆنیالیزم جۆرێک دابەشکاری و چینبەندی جیهانی هێنایە دی، لەم دابەشکاری و چینبەندییە جیهانییەدا وڵآتانی پیشەسازی پێشکەوتوو بوون بە چینی سەرمایەدار و وڵاتانی هەژاری ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای باشوور بوون بە چینی هەژاری جیهانی، وڵاتانی وەکو ئیسپانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن چینی مامناوەندی جیهانیان پێک هێنا.

سیستەمی کۆڵۆنیالیزم لە ڕاستیدا سیستەمێکی کشتوکاڵی بوو، واتە وڵاتانی ژێر دەست مەوادی كاڵیان بۆ وڵاتانی ئەوروپی دابین دەکرد و لەم ناوەندەدا زۆرترین قازانجەکان بۆ ئەوروپییەکان بوو، هەرچەندە زۆربەی وڵاتە کۆڵۆنییەکان بەرە بەرە سەربەخۆیی ڕامیاری خۆیان بە دەست هێنا بەڵام هەر ئێستا لە باری ئابوورییەوە سەربەخۆ نین، ئەمڕۆ تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانیش لە باری ئابوورییەوە سەربەخۆ نین، چونکە سیستەمی دابەشکاری و چینبەندی جیهانی هێشتا بەردەوامە، تەنیا جیاوازی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئەو وڵاتانەی کە خەریکی گەشەسەندنن، نە تەنیا مەوادی کاڵ، بەڵکو هێزی کاری هەرزانیشیان لە بەرامبەر کۆمپانیا گەورە جیهانییەکاندا ڕادەهێنن.


سەرچاوەکان



452 بینین