فڕنی مایکرۆوەیڤ

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-21-19:57:00 - کۆدی بابەت: 4717
فڕنی مایکرۆوەیڤ

ناوه‌ڕۆك

فڕنی مایكرۆوەیڤ

مایكرۆوەیڤ بریتییە لە ئامێرێكی كارەبایی كە لەناو زۆربەی ماڵەكاندا هەیە، كە جۆرێكی فڕنە بەكاردێت بۆ چێشتلێنان و گەرمكردنەوەی خواردنەكان، لەم فڕنەدا خۆراكەكان تیشكی كارۆموگناتیسییان لێدەدرێت، كە ئەم تیشكانە درێژی شەپۆلەكانیان لە بەشی شەپۆلە وردەكاندایە (مایكرۆوەیڤ).
كاتێك خۆراك تیشكی مایكرۆوەیڤیان بەردەكەوێت، تەنۆلكە ئاوەكانی ناو خواردنەكە دەلەرنەوە و دەبنە هۆی دروستكردنی وزەی گەرمی كە دەبێتە هۆی گەرمبوونەوی خواردنەكە.
فڕنی مایكرۆوەیڤ لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لەلایەن ئەندازیاری ئەمریكی پێرسی سپێنسەر (Percy Spencer) دۆزرایەوە.

زیانەكانی فڕنی مایكرۆوەیڤ

فڕنی مایكرۆوەیڤ بەشێوەیەكی بەرچاو بە ماڵەكانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، هەرچەندە دەبێتە هۆی بەكارهێنانی ڕێژەیەكی كەم لە كارەبا و گێڕانەوەی كاتێكی زۆر بۆ بەكارهێنەرانی بەڵام دروستكردن و گەرمكردنەوەی خواردن بەم جۆرە فڕنانە سروشتی و تەندروست نییە، هەروەها دەكرێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیمان، زیانەكانی فڕنی مایكرۆوەیڤ بریتین لە:

  • فڕنی مایكرۆوەیڤ دەبێتە هۆی گۆڕینی ترشە ئەمینییەكان لە شیرەكاندا بۆ ماددەی شێرپەنجەیی.
  • گەرمكردنەوەی گۆشتەكان بە فڕنی مایكرۆوەیڤ دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددەی (d-nitrosodithinanolamine) كە ماددەیەكی شێرپەنجەییە.
  • دەبێتە هۆی گۆڕینی گالاكتۆزاید (Galactoside) و گلایكۆزاید (Glycoside) كە لە میوەكاندا هەیە بۆ ماددە شێرپەنجەییەكان.
  • دەبێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی سەوزەواتەكان بۆ ماددەی شێرپەنجەیی.
  • لێنان و گەرمكردنەوەی خواردن بە فڕتی مایكرۆوەیڤ دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڤیتامین B، ڤیتامین C، ڤیتامین E، هەروەها كەمكردنەوەی ماددە ئاسنییەكان و دژە چەورییەكانی ناو خۆراكەكان.
  • بەركەوتنی تیشكی مایكرۆوەیڤ كاریگەری هەیە لەسەر كۆئەندامی دەمار و لیمفییەكان.
  • تیشکدانەوەی مایکرۆوەیڤ دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی و سووڕی هێزی بایۆکارەبایی لەو سیستەمەی کە بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی هۆش.

چەند ئاگادارییەك لەكاتی بەكارهێنانی مایكرۆوەیڤ

پاش ئەوەی كە باسی زیانەكانی مایكرۆوەیڤمانكرد بە پێویستی دەزانین باسی چەند ئامۆژگارییەك و ئاگادارییەك بكەین لەكاتی بەكارهێنانی فڕنی مایكرۆوەیڤدا بۆ ئەوەی زیانەكانی كەم بكرێنەوە.

  • گوێڕایەڵی كردنی ئەو ئاگادارییانەی كە كۆمپانیای بەرهەمێنی فڕنەكە دابینی كردووە.
  • ئەو دەفرە تایبەتانە بەكاربهێنین كە تایبەت بە فڕنە مایكرۆوەیڤییەكان دروستكراوە.
  • نابێت لەكاتی خراپبوون و تێكچوونی فڕنەكە دابگیرسێنرێت یان كاتێك دەرگاكەی دانەخرابێت.
  • نابێت لە بەردەم فڕنی مایكرۆوەیڤدا بۆ ماوەیەكی زۆر بوەستین كاتێك كار دەكات.
  • نابێت فڕنەكە بەكاربهێنرێت بە مەبەستی گەرمكردنەوەی ئاو و شلەكان بۆ ماوەیەكی زۆر.
  • نابێت فڕنی مایكرۆوەیڤ دابگیرسێنرێت كاتێتك هیچ شتێك لەناویدا نییە (بەتاڵە).
  • دەبێت ناوبەناو فڕنەكە جوان پاك بكرێتەوە.
  • نابێت كەرەستەی ڕەق و تیژ بەكاربهێنرێت لەكاتی پاككردنەوەی فڕنەكەدا بۆ ئەوەی زیان بە ڕووكەشی ناوەوەی نەگەیەنرێت.


سەرچاوەکان



544 بینین