زیرەکی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-20-02:38:00 - کۆدی بابەت: 4666
زیرەکی

ناوه‌ڕۆك

مێشكی ناخودئاگا و هەستەكان

مێشك لە ڕێگەی هەستەكانەوە كاردەكات، ئەم هەستانە بریتین لە پەیوەندییەكانی مێشكی مرۆڤ و ئەو جیهانەی كە تێیدا دەژی، لە كاتی وەسفكردنی ڕەفتاری كەسێك وشەی (ئاقڵ) بەكاردێت، هەروەها گەر كەسێك بە دانایی و ژیرانە ڕەفتاری كرد پێی دەوترێت زیرەك، وشەكانی زیرەكی، مێشك، دەماخ و بیركردنەوە بریتین لە كۆمەڵە وشەیەك كە پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، زیرەكی مرۆڤ بە هەوڵدان و زانست زیاد دەكات، هەروەها لەگەڵ تێكەڵبوون بە كۆمەڵگە و فێربوونی ئەزموونی زیاتر، لێرەدا باسی زیرەكی و جۆرەكانی دەكەین.

پێناسەی زیرەكی

زیرەكی بریتییە لە توانای مرۆڤەكان بۆ دركپێكردن و تێكەیشتن و دۆزینەوەی دەرئەنجامەكان و توانای شیكردنەوە، زیرەكی لە زانستی دەروونناسیدا بریتییە لە توانای شیكردنەوە و جیاكردنەوە و هەڵبژاردن و خۆگونجاندن لەگەڵ بارە جیاوازەكاندا، هەروەها زیرەكی كۆمەڵایەتی بریتیە لە جوان ڕەفتاركردن لەگەڵ كەسەكانی چواردەورت، زیرەكی دروستكراو هەیە كە لە كۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكاندا هەیە و بریتییە لە توانای هەر ئامێرێك بۆ ئەنجامدانی هەندێك كار كە پێویستی بە گەسی تر نییە.

لە زانستی دەروونناسیدا بە پێی لێكدانەوەی هاوارد گاردنەر (Howard Gardner)، زیرەكی بریتییە لە توانا سەربەخۆكان كە هەركەسێك هەیەتی لە بوارە جیاجیاكاندا، كە هەر توانایەك بە سەربەخۆیی كاردەكات، هەروەها بەپێی پێناسەی حەنەفی زیرەكی بریتییە لە توانایەكی مرۆڤەكان كە دەكرێت پەرەی پێبدرێت و پێشكەوێت، چونكە زیرەكی بۆماوەیی نییە، هەروەها زیرەكی بریتییە لە توانای لێكدانی ئەو شتانەی كە مرۆڤ فێری دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی شتانێكی نوێ.

هۆكارەكانی جیاوازی ڕێژەی زیرەكی

توێژەرانی بواری زانستی دەروونناسی هاوڕانین لەسەر زیرەكی، هەندێكیان دەڵێن زیرەكی بەدەستدەهێنرێت و هەندێكیان دەڵین كە بۆماوەییە، ڕێژەی زیرەكی و جۆرەكەی لەنێوان مرۆڤەكاندا جیاوازە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ:

  • ئەو ژینگە و ناوچەیەی كە كەسەكە تێیدا گەورە بووە: ڕێژەی زیرەكی مۆڤ بەندە لەسەر ئەو شوێنەی كە لێی گەورەبووە و لێی ژیاوە، بۆ نمونە كەسێكی زیرەك كە لە گونددا گەورە بووە جیاوازە لە كەسێك كە لە شاردا گەورەبووە، بۆیە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان جوگرافیا و ئەو جۆرە زیرەكییەی كە كەسەكە هەیەتی.
  • یاسای خودا لە دروستكردنی مرۆڤەكان بە جیاوازی: خودای گەورە مرۆڤەكانی بە جیاوازی دروستكردووە بۆ ئەوەی كە تەواوكەری یەك ببن و یەكتر بناسن.
  • شێوازی ژیانی جیاواز: تاكەكان بەشێوەیەكی جیاواز لە یەكتر دەژین و بۆ ئامانجەكانیان هەوڵدەدەن، بۆیە بەپێی شێوازی ژیانیان لێكدانەوە و شێوازی بیركردنەوەیان لە یەكتر جیاوازە.
  • باری دەروونی و كۆمەڵگە: باری دەروونی و ئەو كۆمەڵگەیەی كە كەسەكە تێیدا دەژی گاریگەری لەسەر شێوازی بیركردنەوە و زیرەكی هەیە، هەندێكجار ئەم كاریگەرییە دەكرێت ئەرێنی بێت یان نەرێنی.

جۆرەكانی زیرەكی

پاش پێناسەكردنی زیرەكی و ئەو هۆكارانەی كە كار لە ڕێژە و جۆرەكە دەكات، پێویستە باسی جۆرە جیاوازەكانی بكەین، دەكرێت یەك كەس چەند جۆرێكی زیرەكی تێدابێت و كاریگەری لەسەر جۆرەكانی تر هەبێت، دەركێت جۆری زیرەكی كەسێك دیاری بكرێت لەڕێگەی چاودێریكردنی ڕەفتار و شێوازی هەڵسوكەوتكردنیەوە، دیارترین جۆرەكانی زیرەكی شەش دانەن كە بریتین لە:

زیرەكی زمانەوانی: بریتییە لە توانای كەسەكان بۆ دەربڕینی خۆیان بە زمانی دایكیان یان ئەو زمانەی كە فێریدەبن، دەكرێت شێوازی دەربڕینەكە بە زارەكی بێت یان بە نوسین، هەروەها توانای مامەڵەكردنیان لەكەڵ كەسەكانی چواردەریاندا هەیە و بە ئاسانی دەتوانن باوەڕیان پێبهێنن.

زیرەكی لۆژیكی ماتماتیك: بریتییە لە توانای مامەڵەكردن لەگەڵ بیرۆكەكاندا بە شێوەیەكی لۆژیكی و زانستیانە هەروەها توانای هەژماركردن و بڕیاردان بەشێوەیەكی خێرا و ورد.

زیرەكی جەستەیی: واتا توانای مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی چەند كارێكی تایبەتی جەستەیی، هەروەها دەربڕینی خۆی بە بەكارهێنانی جەستەی، ئەو كەسانەی كە خاوەنی ئەم جۆرە زیرەكییەن بریتین لە یاریزانەكانی تۆپی پێ و یاریزانە وەرزشییە بەتواناكان.

زیرەكی میوزیكی: خاوەنەكانی ئەم جۆرە زیرەكییە توانای جیاكردنەوەی ئاوازە میوزیكییەكانیان هەیە، هەروەها خاوەن بەهرەیەكی هوونەری گوێیەكی میوزیكین، ئەو كەسانەی كە خاوەنی ئەم بەهرەیەن ئاوازدانەر و میوزیكژەن و گۆرانیبێژەكانن.

زیرەكی ویژدانی: زیرەكی ویژدانی جیاوازە لەكەڵ زیرەكی زمانەوانی و جۆرەكانی تر چونكە زیاتر پەیوەندی بە هەستەكانی كەسەكەوە هەیە، ئەو كەسانەی كە ئەم جۆرەی زیرەكییان هەیە دەتوانن بەباشی لە هەستەكانی خۆیان تێبگەن، بەهەمان شێوە دەتوانن لە هەستی كەسانی بەرامبەریان تێبگەن و یارمەتیان بدەن لە چارەسەركردنی كێشەكانیاندا.

زیرەكی هوونەری: بریتییە لە دەربڕینی خودی كەسەكە لەڕێگەی وێنەكێشان و ڕەنگەكانەوە، هەروەها توانای كێشانی هێڵ و ڕەنگكردنیان بە جوانی و وردی.

جیاوازە نێوان زیرەكی و بیركردنەوە

زۆربەی كەسەكان زیرەكی و بیركردنەوە تێكەڵ دەكەن، زیرەكی شتێكە كە ناتوانرێت فێربكرێت وەك فێربوونی زمان یان وشەكان، بەڵكو بریتییە لە دۆزینەوەی پەیوەندی نوێ و چارەسەر لەڕێگەی تێكەڵكردنی ئەو ئەزمونانە كە پێشتر فێربوویت.
بیركردنەوە بریتییە لەو هاوكێشە و زانیارییانەی كە لە مێشكدا هەیە، لەگەڵ بەبیرهاتنەوەی ئەو شتانەی كە دەیزانیت و پێشتر فێربوویت، هەروەها لەگەڵ تاوانی بیركەوتنەوەی ڕابردوو و پێشبینیكردنی داهاتوو، بیركردنەوە جۆری جیاوازی هەیە وەك بیركردنەوەی نەرێنیانە و بیركردنەوەی داهێنەرانە.

ڕێگاکانی گەشەپێدانی زیرەکی

باوەڕكردن بەوەی كە هەموو كەسێك زیرەكییەكی هەیە: واتا خودای گەورە توانای بە هەموو مرۆڤەكان بەخشیوە، زیرەكی شتێك نییە كە هەندێك كەس هەیبێت و ئەوەی تر نەیبێت، بەڵام جیاوازییەكە لەوەدایە كە هەندێك كەس هەمیشە لە هەوڵی باشكردنیدان و هەندێكی تر پشتگوێیان خستووە و كۆڵیانداوە.

فێربوون و ئەزموون پەیاكردن: زۆر پێویستە پەرە بە زیرەكییەكەت بدەیت و هەمیشە لە هەوڵی فێربوونی زیاتردا بیت.

تاوتوێكردنی بیروڕاكان: هەمیشە خۆت بە ڕاست مەزانە و گوێ لە قسەی كەسەكانی چواردەورت بگرە، هەروەها هەوڵبە بەدووربیت لەو كەسانەی كە بە زۆر هەوڵدەدەن قسەكانی خۆیان بەسەر چواردەورەكەیاندا بسەپێنن.

دانپێدانان بە هەڵەكانتدا و هەوڵدان بۆ ڕاستكردنەوەی: یەك لە باشترین ڕێگاكانی بەرەوپێشبردنی زیرەكی بریتییە لە داننان بە هەڵەكانتدا و هەروەها هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕاستیان بكەیتەوە، چونكە خۆ بە زلزانین و ئەنانییەت یارمەتی دەركەوتنی زیرەكی و بەرەوپێشچوونی نادات.


سەرچاوەکان



3986 بینین