گۆشتی مرداربوو خواردن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-18-04:06:00 - کۆدی بابەت: 4607
گۆشتی مرداربوو خواردن لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

باسی گۆشتی مرداربوو خواردن

حەڵاڵە بۆ کەسێکی بێچارە لەو کاتەی مەترسی مردنی هەیە لە برسان بەڵکو واجبە بخوا لە گۆشتی مرداربووی حەڕام ئەندازەیەکی وەها بخوا کە گیانی خۆی لە مردن پێ دەرباز بکا نەک زیاتر بەو مەرجەش لە سەفەری گوناهکاری نەبێ و بەهۆی گوناهکاری تووشی برسیەتی نەبووبێ خوای گەورە فەرموویەتی: (فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ) هەرکەسێک ناچار بوو لە ترسی مردن مردار بخوا و بەهۆی گوناهکاری و دوژمنکاری ئیسلام تووشی برسیبوون نەبووبێ با بیخوا گوناهی ناگاتێ.

لەو حەڵاڵییەدا جیاوازی نییە لە نێوان مرداری کەر و هێستر و مەڕ و بزن و گورگ بەڵام ئەگەر یەکێکی لەو مرداربووانە دەست کەوت نابێ سەگ و بەراز بخوا وە ئەگەر سەگی دەست نەکەوت، نابێ ئادەمیزادی مردوو بخوا جا ئەگەر هیچ مردارێکی دەست نەکەوت دروستە خواردەمەنی کەسێکی تر بخوا بەو مەرجەی ئەویش وەکو ئەو ناچار نەبێ و تۆڵەی خواردەمەنییەکەیشی بداتێ.

مردارەوەبووی بۆ حەڵاڵ

  1. ماسی جا هەر بەخۆی بمرێ یان کەسێکی تر بیکوژێ جا ئەو کەسە کافر بێ یان موسوڵمان بێ هەر حەڵاڵە، هەر ئاژەڵێکی تەنها لەناو ئاودا بژیێ، ئەویش وەکو ماسی حەڵاڵە، بەڵام ئەوەی لەناو ئاو و لە دەرەوەی ئاو ئەژیێ وەکو بۆق و قرژاڵ و مار، ئەوە حەرامە.
  2. کلۆی مردووش حەڵاڵە بخورێ.

خوێنی حەڵاڵ

  1. جەرگ
  2. سپڵە واتە پاتە ڕەشە (عن ابن عمر رضي الله عنهما: عن النبی ﷺ: أحلت لنا میتتان ودمان: السمك والجراد والکبد الطحال) رواه أحمد وإبن ماجە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی دوو مردوو و دوو خوێن بۆ ئێمە حەڵاڵن ماسی و کلۆ جەرگ و پاتە ڕەشە.


سەرچاوەکان



296 بینین