خۆکوشتن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-06:12:00 - کۆدی بابەت: 4481
خۆکوشتن

ناوه‌ڕۆك

خۆکوشتن

بە یەکێک لە نمونەکانی نەگونجانی مرۆڤ دەژمێردرێت، ئەم ڕەفتارەش بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە دادەنرێت. لە کۆنەوە بابەتی خۆکوشتن بووەتە جێگای پرسیار، بەردەوام ئەم پرسیارە خروەتە ڕوو، بۆچی مرۆڤ پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن؟

ئەم پرسیارەش لە دێر زەمانەوە هەوڵی وەڵامدانەوەی دراوە لەلایەن ئەو کەسانەی لە بواری کۆمەڵایەتی و پزیشکی دەروونی کاردەکەن. بێگومان هەموو مرۆڤێک چ لە ڕێگەی بیستن بێت یان بینین ئاگاداری کرداری خۆکوشتن بووە و چەندین پرسیار لە ناخی ئەو دروستبووە دەربارەی ئەو پاڵنەرەی وای کرد ئەو کەسە پەنا بباتە بەر کۆتایی پێهێنانی ژیانی، دووریش نییە چەندین بۆچوونیش دروستبکات و چەندین شیکردنەوەشی بۆ بدۆزێتەوە. بەڵام پێش ئەوەی بچینە بنج و بنەوانی هۆکارەکانی ئەم کارە، پێویستە چەمکی ئەم وشەیە بزانین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێی بدوێین. (خۆکوشتن) لەلایەن زمانەوانیەوە مانای لەناوبردنی خودی مرۆڤە لە زمانی ئینگلیزیدا لە وشەی (لاتینی کۆن) وەرگێڕدراوە کە ئەویش لە هەردوو وشەی (conden) کە مانای (دیکوژێ) و (suli) بە مانای (خود)، لە زمانی عەرەبی وشەی (الانتحار) لە (نحر) داتاشراوە کە بە مانای (کوشتن یان سەربڕین) دێت لە ڕامان لەم زاراوانە دەتوانین بگەینە پێناسەیەک بۆ خۆکوشتن ئەویش (هەموو ئەم کارانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تیایدا هەوڵی لەناوبردنی خۆی دەدات).

ئەگەر سەرنج بدەینە کەسایەتی ئەو کەسانەی کە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن دەبینین زۆریان دێنە ڕێز گۆشەگیران و خووگران لەسەر مادەی سڕکەر بەتایبەتی ئەوانەی لە خێزانە لێکترازاوەکان پەروەردەبوونە و هەموو ئەو کەسانەی کە مێژوویەکی کۆنیان بەسەربردووە لەگەڵ خەم و خەفەت و دڵەڕاوکێ، یان ئەو کەسانەی ناتوانن بەرەنگاری ژیانی تایبەتی خۆیان ببنەوە، بۆیە مردن بە دوا چارەسەر دادەنێن.

ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بەدەرنییە و زیاتریش لەلای ئافرەتان باوە بە بەراورد لەگەڵ پیاوان، بەتایبەتی خۆسوتاندن کە ئەویش تا ئێستا بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەژمێردرێت، ڕەنگە هۆکارەکەشی بگەڕێتەوە بۆ زاڵ بوونی پیاو و توندوتیژیان دژ بە ئافرەتان.

هۆکارەکانی خۆکوشتن

ئەگەر سەرنج بدەینە خۆکوشتن وەک دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک هۆکارمان دێتە بەرچاو کە پاڵ بە مرۆڤ دەنێت پەنا بباتە بەر لەناوبردنی خودی خۆی، دەتوانین ئەم هۆکارانە بەم شێوەی خوارەوە دابڕێژین:

١- هۆکاری دەروونی:

بەشێک لە دەروونزانەکان بڕوایان وایە ئەو کەسانەی پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن کۆمەڵێک گرفتی دەروونیان هەیە بۆ نمونە (فرۆید) دەڵێت: ئەو کەسانەی پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن لە ئەنجامی زاڵبوونی (الانا العلیا - منی باڵا) بە شێوەیەکی ڕادەبەدەر بەسەر (الهو - ئەو) کە وا لە مرۆڤ دەکات هەموو هەڵەیەکی بچوک بە تاوان بزانێت، بەردەوام بوون و دووبارەکردنەوەی ئەم هەڵانە وای لێدەکات تووشی خەمۆکی بێت و ناچاری بکات پەنا بباتە بەر خۆکوشتن، بۆ ئەوەی خۆی لە گوناهەکانی بشواتەوە.

٢- هۆکاری کۆمەڵایەتی:

بێگومان ئەم هۆکارە ڕۆڵێکی سەرەکی بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی خۆکوشتن هەیە، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و هەموو هەڵسوکەوتەکانی لە ئەنجامی کارلێکردنی لەگەڵ دەوروبەردا دەبێت. بۆیە لێکترازانی خێزان نەمانی پەیوەندیە ڕۆحیەکان لە نێوانیاندا هۆکارێکە بۆ ئەوە مرۆڤ هەست بە نامۆیی بکات و گۆشەگیربێت، لە دواییشدا دوور نییە پەنا بباتە بەر خۆکوشتن بۆ ئەوەی لەم بارودۆخە ئاڵۆزە ڕزگاری بێت.

٣- هۆکاری ئابووری:

زۆرجار ئیفلاس کردنی هەندێک کەس دەبێتە هۆی خۆکوشتنیان، لەم بارەوە زانای هۆنگ کۆنگی (یاب) دەڵێت: (هەژاری و نەبوونی و برسیەتی و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان هۆکاری گرنگن بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتن پێچەوانەش ڕاستە).

٤- نەخۆشی درێژخایەن:

هەندێک جار ئەم هۆکارە کاریگەری خراپی لەسەر مرۆڤ دەبێت و وای لێدەکات پەنا بباتە بەر خۆکوشتن، بۆ ئەوەی لە ئازار و خەم و خەفەت ڕزگاری بێت لەم نەخۆشیە کە ناڕەحەتی کردووە و وای لێ کردوە هیوای لە ژیاندا نەمێنێت.

چارەسەر

وەک هەوڵدانێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ خۆکوشتن و زاڵبوون بەسەر گیروگرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی زانستی، دەتوانین لە ڕێگای ئەم خاڵانەی خوارەوە ئەم دیاردە ترسناکە کەم بکەینەوە و چەندین کەس لە خۆکوشتن ڕزگار بکەین:

١- نەهێشتنی تەنیایی و نامۆیی گۆشەگیری تاک لەناو کۆمەڵدا ئەویش لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان.

٢- دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی نیازی خۆکوشتنیان هەیە لە ڕێگەی زانینی نیشانەکانی ئەم دیاردەیە و هەوڵی چارەسەرکردنی.

٣- ئاگادارکردنەوەی کەسانی چواردەوری کەسەکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری گرفتەکانی بن و تێبینی بکەن.

٤- زیادکردنی زانیاری خەڵک کە خۆکوشتن حاڵەتێکی ژیری نییە بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە.

٥- بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی باوەڕ بەخۆ بوون لەلای تاکەکان، بەتایبەتی ئەوانەی هەست بە بێ تاوانی دەکەن.

٦- پێویستە بزانرێت ئەوەی جارێک هەوڵی خۆکوشتن بدات ئەگەری دووبارە بوونەوەی زۆرە، بۆیە پێویستە چاودێری بکرێت.

٧- دەبێت ئەو کەسانە ڕێنمایی بکەین کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن و بۆیان ڕوون بکرێتەوە خۆکوشتن چارەسەرێکی دروست نییە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.


سەرچاوەکان



3541 بینین