مارەیی دانان بۆ ئافرەت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-11-15:29:00 - کۆدی بابەت: 4393
مارەیی دانان بۆ ئافرەت

ناوه‌ڕۆك

مارەیی

سوننەتە ناوهێنانی مارەیی لە گفتوگۆی مارەبڕیندا، واتە: سوننەتە لە گفتوگۆی مارەبڕیندا دیاری بکرێ مارەیی ئەو ژنە چەندە و چۆنە؟ وەک بڵێ: (ئەوا فاتیمەی کچم کردە ژنی تۆ مارەیی لەسەر تۆ هەزار دینار بێ). ئینجا مێردەکەش بەو جۆرە قبوڵ بکا.

جا ئەگەر لە گفتوگۆی مارەبڕیندا ناوی مارەییان نەهێنا، مارەبڕینەکە دروستە و لێکتری حەڵاڵ ئەبن، جا بە تەنها ئەو مارەبڕینە مارەیی هاووێنە ئەکەوێتە سەر مێردەکە، هەرچەند جیماعیشی لەگەڵ نەکردبێ (عن ابن مسعود -رضي الله عنه-: أنه سئل عن رجل تزوج امرأة ولم یفرض لها صداقا، ولم یدخل بها حتی مات؟ فقال ابن مسعود: لها مثل صداق نسائها لا وکس ولا شطط وعلیها العدة ولها المیراث. فقال معقل الأشجعی -رضي الله عنه-: قضە رسول الله مثل ماقضیت) رواه أصحاب السنن، پرسیار لە (عبدالله)ـی کوڕی (مسعود) کرا -خوا لێی ڕازی بێ- دەربارەی پیاوێک ژنێکی لە خۆی مارەکرد و هیچ مارەیی بۆ دانەنابوو و جیماعیشی لەگەڵ نەکردبوو تا مرد؟ لە وەڵامدا فەرمووی: ئەبێ بە وێنەی مارەیی ئافرەتەکانی خزمی خۆی مارەیی بۆ دابندرێ و لە (عدة)ـش دابنیشێ و میراتیشی بدرێتێ. جا یەکێک لە سەحابەکان هەڵسا و فەرمووی: پێغەمبەر ﷺ بەم جۆرەی تۆ بڕیاری داوە.

مارەیی هاووێنە ئەو جۆرە مارەییە کە داندراوە بۆ ئەو ئافرەتانەی وەکو ئەو ژنەنە لە بنەچەدا وەکو خوشک و کیژەبرا و کیژەمام و خوشکی باوک.

جا بزانە: ئەوەی گوترا، دەربارەی ئافرەتێک بوو کە بە (ولی)ـیەکەی خۆی نەگوتبێ: بەبێ مارەیی لە فڵانم مارە بکە. کەواتە: ئەگەر بڵێ: بەبێ مارەیی مارەم بکە. ئەوە بە تەنها مارەبڕین هیچ مارەیی واجب نابێ، 

مارەیی بۆ ئەو جۆرە واجب ئەبێ بە سێ شت

بەڵام مارەیی بۆ ئەو جۆرە ژنە واجب ئەبێ بە یەکێک لەو سێ شتانە:

  • یەکەم: مێردەکە بە خۆی مارەییەکە لەسەر خۆی واجب بکا، واتە: پێش جیماعکردن بڵێ: ئەوەندە زێڕە، یان ئەوەندە دینارە مارەییت بێ. ژنەکەش پێی ڕازی بێ.
  • دووەم: یان (قازی) مارەییەکە دیاری بکا، ئەگەر ئافرەتەکە شکایەتی کرد.
  • سێیەم: یان مێردەکە جیماعی لەگەڵ بکا، ئینجا بەو جیماعکردنە، واتە: مارەیی هاووێنە لەسەر مێردەکە واجب ئەبێ.

ئەگەر پێش ئەو سیانە ژنەکە، یان مێردەکە مرد، ئەوە مارەیی هاووێنە ئەکەوێتە سەر مێردەکە، (بەڵگە: حەدیسەکەی ڕابردووە).

جا بزانە ئەگەر ئافرەتێک بە هەڵە جیماعی لەگەڵ کرا، واتە: وا تێگەیشت ئەو پیاوە مێردی خۆیەتی، یان خەوتبوو، ئەبێ پیاوەکە مارەیی هاووێنە بداتە ئافرەتەکە، بەڵام ئەگەر ئافرەتەکە ئەیزانی ئەو پیاوە مێردی خۆی نییە، ئەوە بۆی ئەبێتە زینا، کەواتە: مارەیی نادرێتێ.

دیاری نەکراوە نە بۆ کەمترین مارەیی و نە بۆ زۆرترینی مارەیی هیچ سنوورێک، واتە: هەر شتێک کڕین و فرۆشتنی دروست بێت، دروستە بکرێتە مارەیی، جا کەم بێت یان زۆر بێ (عن سهم بن سعد -رضي الله عنه-: أن النبی ﷺ: قال لرجل أراد النکاح: انظر ولو خاتما من حدید) الحدیث رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ بە پیاوێکی فەرموو -کە ئەیویست ژن مارە بکا-: بڕۆ هەوڵی شتێک بدە بۆ مارەیی ژنەکە، هەرچەند ئەنگوستیلەیەکی ئاسنیش بێ.

(وعن عائشة -رضي الله عنها-: کان صداق أزواج النبی ﷺ خمسمأة درهم) رواه مسلم، (عائشة) فەرموویەتی: مارەیی ژنەکانی پێغەمبەر ﷺ پێنجسەد درهەم بوو، واتە: سێسەد و پەنجا میسقالی زیو. بەڵام بە هەر جۆرێ بێ، مارەیی کەم باشترە.

دروستە ژنەکە مارە بکا لەسەر سوودێکی زاندراو، وەک بڵێ: مارەییت فێرکردنی قورئان پیرۆز بێ، یان سورەتێک لە قورئان (عن سهل بن سعد -رضي الله عنه-: أن النبی ﷺ قال لرجل: ماذا معك من القرآن؟ قال سورة کذا وسورة کذا فقال: زوجتکها بما معك من القرآن) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ بە پیاوێکی فەرموو: چەند لە قورئان ئەزانی؟ گوتی: ئەم دوو سورەتە (البقرة و آل عمران)، جا فەرمووی: وا ئەم ئافرەتەم کردە ژنی تۆ مارەیی فێرکردنی ئەو دو سوڕەتە بێ.

لائەچێ لەسەر مێردەکە بە هۆی تەڵاقدانی ژنەکەی پێش ئەوەی جیماعی لەگەڵ بکا نیوەی مارەیی، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَإِن طَلَّقْتُمُوهُنَّ مِن قَبْلِ أَن تَمَسُّوهُنَّ وَقَدْ فَرَضْتُمْ لَهُنَّ فَرِيضَةً فَنِصْفُ مَا فَرَضْتُمْ) ئەگەر تەڵاقتان دان پێش ئەوەی جیماعیان لەگەڵ بکەن و مارەییشتان بۆ دانابوون، نیوەی مارەییان بدەنێ. کەواتە: مارەیی تەواو یان بە جیماعکردن، یان بە مردنی یەکێک لە ژن و مێردەکە واجب ئەبێ، هەرچەند جیماعیشی لەگەڵ نەکرابێ.

دروستە ژن و مێرد لە نێوان خۆیاندا پێک بێن کە لەجیاتی مارەیی شتێکی تری بداتێ، هەروەها دروستە ژنەکە گەردەنی مێردەکەی ئازاد بکا لە گشت مارەیی، یان هەر لە بەشێکی، بەو مەرجەی مارەییەکە زەکاتی تێدا واجب نەبووبێ، چونکە لە ئەندازەی زەکات -کە مافی هەژارانە- گەردەنی ئازاد نابێ.

ئەگەر مێردەکە مرد و مارەیی ژنەکەی نەدابوو، ئەبێ پێش وەسێت و بەشکردنی میرات، مارەیی ژنەکە بدرێ.


سەرچاوەکان



1888 بینین