ڕەهن چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-14:13:00 - کۆدی بابەت: 4202
ڕەهن چییە؟

ناوه‌ڕۆك

باسی (رهن)

واتە: قەرزدارێک شتێک بکاتە بارمتەی قەرزێک، بۆ ئەوەی ئەگەر قەرزەکەی نەداوە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَإِنْ كُنْتُمْ عَلَى سَفَرٍ وَلَمْ تَجِدُوا كَاتِبًا فَرِهَانٌ مَقْبُوضَةٌ) ئەگەر لە سەفەر بوون و شتێکتان لێکتر قەرز کرد و کەس نەبوو بینووسێ، شتێک بکەنە بارمتەی قەرزەکە و قبوڵی بکەن.

هەر شتێک دروست بێ بفرۆشرێ، دروستە بە ڕەهن دابندرێ بە هۆی گشت قەرزێک، بەو مەرجەی قەرزەکە جێگیر بووبێ لە ئەستۆی قەرزدارەکەدا، واتە: قەرزەکە قبوڵ بکا، ئینجا ڕەهنەکە دابنێ.

دروستە بۆ دانەوەی ڕەهنەکە -کە قەرزدارەکەیە- پەشیمان ببێتەوە لە دانانی ڕەهنەکە، بەو مەرجەی وەرگری ڕەهنەکە قبوڵی نەکردبێ، واتە: ئەگەر قبوڵی کرد و وەری گرت، پەشیمانبوونەوەی بۆ نییە و ماڵە ڕەهنکراوەکەش ئەبەسترێتەوە و نابێ بیفرۆشرێ و نابێ بیبەخشێ بەبێ پرسی ڕەهن وەرگرەکە، کە خاوەنی قەرزەکەیە.

- بەکارهێنان و گشت سوودێکی تری ماڵە ڕەهنکراوەکە -تەنها- بۆ خاوەنەکەیەتی و بەخێوکردنیشی لەسەر خاوەنەکەیەتی (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: الظهر یرکب بنفقته إذا کان مرهونا، ولبن الدر یشرب بنفقته إذا کان مرهونا) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: پشتی ووڵاغی ڕەهنکراو بۆ سواری بەکار ئەهێندرێ بەهۆی بەخێوکردنی، شیری گوانی ڕەهکراو ئەخورێتەوە بەهۆی بەخێوکردنی.

- ئەگەر خاوەن قەرزەکە، واتە: سوودی لێوەرگرت و بۆ خۆی بەکاری هێنا، حەرامە و ئەبێتە ڕیبا، چونکە لە مافی خۆی زیاتر سوودی پێ ئەگا.

تۆڵەی ماڵە ڕەهنکراوەکە ناکەوێتە ڕەهنوەرگرەکە، تەنها ئەگەر کەمتەرخەمی بکا و ماڵەکە لەدەست بدا، ئەوە ئەبێ تۆڵەی بژمێردرێ.

- ماڵە ڕەهنکراوەکە ئەبێ لەژێر دەستی ڕەهنوەرگرەکە دابندرێ، ئینجا خاوەنەکەی خۆی بۆ سوودلێوەرگرتن لێی وەرئەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ خۆیان ڕێککەوتن کە بە یەکجاری لەلای خاوەنەکەی دابندرێ، ئەوە دروستە.

ئەگەر قەرزدارەکە هەندێک قەرزی دایەوە، دەرناچێ و ڕزگار نابێ هیچ بەشێک لە ماڵە ڕەهنکراوەکە، واتە: گشتی هەر بە ڕەهن ئەمێنێتەوە تا گشت قەرزەکە ئەداتەوە.

- ئەگەر کاتی قەرزدانەوە هات، واجبە قەرزدارەکە، یان قەرزەکە بداتەوە، یان ماڵە ڕەهنکراوەکە بە ئیزنی خاوەن قەرزەکە بفرۆشێ و قەرزەکەی پێ بداتەوە.


سەرچاوەکان



643 بینین