بەبەردبووەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-02:20:00 - کۆدی بابەت: 4193
بەبەردبووەکان

ناوه‌ڕۆك

ڕێگاکانی پاراستنی بەبەردبووەکان

ئەو بەشە پارێزراوە لە پاشماوەی هەر زیندەوەرێک کە بەهۆی کردارە جیۆلۆجییەکان دروست بووە و بە بەڵگەی فیزیای پاڵپشتی دەکرێت ناو دەبرێت بەبەردبوو. زۆربەی بەبەردبووەکان لە ناو کەڤرە نیشتووەکاندا پارێزراون و لەوانەشە مادەی تریش وەک کەهرەمانە و کەتیرە و شەختە ببنە بەڵگەیەک لەسەر ژیانی سەردەمەکانی پێشوو.

بەبەردبووەکان لە ناو کەڤرەکاندا

هەر زیندەوەرێک کە دەمرێت یەکسەر دەست بە شیبوونەوە دەکات یان زیندەوەرانی دیکە دەیخۆن. هەندێک جار کەڤرە نیشتووەکان دەبنە هۆی زوو نقوم بوون و نغرۆبوونی خێرای زیندەوەرە مردووەکە، واتە نیشتووەکە ناهێڵێت یان کرداری شیبوونەوەکە دوادەخات و جگە لەمانەش بەشە ڕەقەکانی وەک قاوغ و ئێسک زیاتر بەرگری لە شیبوونەوەکە دەکەن بە پێچەوانەی بەشە تەڕەکان. هەر بۆیەش کاتێک کەڤرە نیشتووەکان بە تەواوی دەبنە بەرد لەگەڵ خۆیان پارێزگاری لە بەشە ڕەقەکان دەکات.

بەبەردبووەکان لەناو کەهرەمانە

وادابنێ مێروویەک خۆی بەو شلە لینجەی درەختێکەوە هەڵواسیوە و بەرەبەرە برێکی زیاتر لەو شلەیە بەسەر مێرووەکەدا دێتە خوارەوە تا دایدەپۆشێ و پاشان ئەو شلەیە زۆر بە خێرایی رەق دەبێت و مێرووەکە بە پارێزراوی لە ناویدا دەمێنێتەوە، ئەو شلە لینجە ڕەق بووە پێی دەڵێن کەهرمان. زۆربەی بەبەردبووە نایابەکان لە ناو کەهرەماندا دۆزراونەتەوە، هەروەها هەندێک گیانەوەری دیکەش وەکو بۆق ق مارمێلکە لەناو کەهرەمانەدا دۆزراونەتەوە.

بەبەردبووەکان لەناو ئەسفەلتدا (قیر) دا

هەندێک جێگە هەن بەردەوام وەکو تەقینەوە ئەسفەلتیان لێوە هەڵدەقوڵێ لە شێوەی شلەیەکی ئەستووری لینج کە چاڵێک لەسەر زەوی دروست دەکات، بەر لە هەزاران ساڵ نیشتووەکانی قیری رەش لە ناوچەکانی دەریای مردوو میزۆپۆتامیادا هەبووە، هەندێک لەو گۆماوە قیر ئاسایانەدا چەندین جۆر زیندەوەری تێدا بۆ هەزاران ساڵ پاراستووە و بوونەتە بەبەردبوو. لە ڕێگەی خوێندن و لێکۆڵینەوەی ئەم بەبەردبووانەدا زانایان توانیویانە زۆر شت دەربارەی ئەو ژینگەیە بزانن کە پێشتر زیندەوەرانی تێدا ژیاوە.

بەبەردبووە بەستووەکان 

لە مانگی ئۆکتۆبەری ١٩٩٩ زانایان لاشەی فیلی مامۆثی تووکداریان دۆزیەوە کە سەهۆڵ بەندکرابوو لە ناوچەی تەندرای سیبریا و تەمەنەکەی دەگەڕایەوە بۆ ٢٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا. فیلی مامۆث خزمایەتیەکی نزیکی لەگەڵ فیلەکانی ئیستادا هەیە، مامۆث گیانەوەرێکە پێش ١٠  هەزار ساڵ قڕی تێکەوتووە و نەماوە، بەڵام لەشە پارێزراوەکەی ئەم فیلە مامۆث بە هۆی ئەو پلە گەرمییە نزم بووەکە (زۆر سارد) کە نەیهێشتووە شیببێتەوە هەروەها دەبینین چەندین جۆری دیکەی بەبەردبووەکان بەبەستوویی هەر لە چاخی بەستەڵەکی دواییدا هەتا ئێستا ماونەتەوە و ئومێد وایە چەند ژمارەی دیکەی ئەو فیلەنە بدۆزرێنەوە و ژینگەکانیان بناسرێتەوە.


سەرچاوەکان



1021 بینین