کاتژمێری زیندەیی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-04-21:11:00 - کۆدی بابەت: 4154
کاتژمێری زیندەیی

ناوه‌ڕۆك

كاتژمێری زیندەیی چییە؟

جەستەی مرۆڤ لەسەر دوو سیستمی زیندەزانی بنیادنراوە كە كاتی خەوتن و هەستان ڕێكدەخەن، سیستمی یەكەم بریتییە لە (خەوتن/هەستان)، ئەم سیستمە هەڵدەستێت بە دیاریكردنی ئەو كاتەی كە جەستەی مرۆڤ پێویستی بە خەوتن هەیە و ئەو كاتەی كە دەبێت لە خەو هەڵبستێت، سیستمی دووەم بریتییە لە كاتژمێری زیندەیی كە بەرپرسیارە لەوەی كە كردارە زیندەییەكان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك لە جەستەدا ئەنجامدەدرێن وەك خەوتن و هەستان، ئەم دوو سیستمە پێكەوە كار دەكەن بۆ درووستكردنی هاوسەنگی لە نێوانیاندا، لە نیشانەكانی كاركردنی ئەم سیستمە بریتییە لەوەی كاتێك كەسێك گەشت دەكات بۆ وڵاتێكی تر كە كاتەكەی لە وڵاتەكەی خۆی جیاوازە، هەر كاتێك كەسەكە پێویستی بە پشوو بوو ئەوا لەلایەن مێشكییەوە هۆڕمۆن دەردەدرێت و كەسەكە ئاگاداردەكاتەوە كە پێویستی بە خەوتن هەیە، هەروەها كاتێك بە بڕی پێویست كەسەكە پشووی وەرگرت بەهەمان شێوە مێشك ئاگاداركەرەوە دەنێرێت كە پشووی پێویستی وەرگرتووە.

ئاگاداركردنەوەكانی مێشك بۆ ئەنجامدانی چالاكییە زیندەییەكان

هەموو ئەركەكانی جەستە یان جوڵاندنی ماسولكەكانی جەستە ئەنجامدەدرێت پاش ئەوەی كە لەلایەن مێشكەوە ئاگاداركەرەوە دەنێردرێت لە ڕێگەی دەمارەخانەكانی كە لە دڕكەپەتكدا هەن، ئاگاداركەرەوەكان لە مێشكەوە بە ناو دەمارەخانەكاندا دەڕۆن و لە ڕێگەی (تەوەرە)ـەوە كە پێكهاتەیەكی دەمارەخانەكانە و كۆتاییەكانیان بەستراونەتەوە بە ماسولكەكانەوە، كۆنتڕۆڵی گرژبوون و خاوبوونەوەی دەكەن.

زانستی زیندەزانی

خوێندنی زانستی زیندەزانی یارمەتی قوتابیەكانی دەدات لە زانین و تێگەیشتنی ئەو بنەما و كردارانەی كە لە زیندەوەرەكاندا ڕوودەدەن، وەك سادەترین بوونەوەرەكان لە شێوەی خانەكاندا پاشان زیندەوەرە فرە خانەكان تا دەگات بە سیستمی ژینگەیی تەواو، هەروەها دوای ئەم زانستە خوێندكار دەتوانێت لە بوارەكانی تردی بخوێنێت وەك زانستی بۆماوەیی.


سەرچاوەکان



403 بینین