بیرچوونەوە و هۆکارەکانی و سوودەکانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-03-00:48:00 - کۆدی بابەت: 4098
بیرچوونەوە و هۆکارەکانی و سوودەکانی

ناوه‌ڕۆك

بیرچوونەوە

پرسیار/ ئایا مرۆڤ ئەو زانیاریانەی لەبیری دەچێتەوە، بەتەواوی ناتوانیت بیری خۆی بهێنیتەوە، واتە لە مێشک دەسڕێتەوە؟ زانا دەروونزانەکان بە نەخێر وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە بەڵگەشیان لەسەر مانەوەی زانیاریەکان ئەو حاڵەتانەیە کە مرۆڤ دوای ماوەیەکی زۆر لە بارودۆخێکی تایبەت، زانیاریەکانی بیردێتەوە.

باشە ئەگەر وەڵامەکە بە نەخێر بێت، ئایا بیرچوونەوە چییە؟ بۆچی مرۆڤ ناتوانیت ئەو زانیاریانەی مەبەستیەتی بیری خۆی بێنیتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوەی بەشی یەکەمی پرسیارەکە دەتوانین بەم جۆرە پێناسەی بیرچوونەوە بکەین (نەتوانینێکی سروشتیە گشتی یان تایبەت، کاتی یان بەردەوام لەبیرهاتنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لە پێشتر وەرمانگرتبوو، واتە نەتوانینە لە ناسینەوە و گەڕانەوە). (سندرۆک ٢٠٠٣) دووجۆر لە بیرچوونەوەی دەستنیشان کرد ئەویش:

١- شکست هێنان لە گەڕاندنەوەی زانیاریەکان: واتە کەسەکە ناتوانێت ئەو زانیاریانە بهێنیتەوە یادی خۆی کە لە بیری درێژخایەنی کۆی کردبۆوە، بۆ نمونە (بیرچوونەوەی ناوی هاوڕێیەکانی پێشووت، یان بیرچوونەوەی ژمارەی نهێنی ئیمێڵەکەی).

٢- شکست لە کۆد دانان: ئەم جۆرە بیرچوونەوە هۆکارەکەی شکست هێنانە لە دانانی کۆدی گونجاو بۆ ئەو زانیاریانەی وری دەگرێت، کە ئەویش لە دەرەنجامی پەرتبوونی ئاگا یان خراپی باری دەروونی کەسەکە دروست دەبێت، بەجۆرێک زانیاریەکان ناچێتە بیری درێژ خایەن.

تیۆرەکانی بیرچوونەوە

زانا دەروونزانەکان چەند بۆچونێکی جیاوازیان هەیە دەربارەی هۆکاری بیرچوونەوەی زانیاریەکان بۆ ئەم مەبەستەش چەند تیۆرێکیان خستەڕوو، تیۆرەکانیش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

١- تیۆری پشتگوێخستن و پووکانەوە (الاهمال و الضمور)

ئەم تیۆرە بە کۆنترین تیۆرەکانی بیرچوونەوە دەژمێردرێت و لەگەڵ بۆچونەکانی (ئیبنجهاوس)ـدا یەک دەگرێتەوە کە پێی وابوو ئەو زانیاریانەی مرۆڤ بەدەستی دەکەوێت لە دواییدا لەبیری دەچێتەوە و بەرەو پووکانەوە دەڕوات بەپێی سیستەمێکی دیاریکراو. (ئیبنجهاوس) سەبارەت بە شێوازی بیرچوونەوەی زانیاریەکان چەندین تاقیکردنەوەی ئەنجام دا لە ساڵی (١٨٨٥ز) و پێی وابوو شێوازی داڕشتنی زانیاریەکان و ڕادەی ڕوونی زانیاریەکان کاریگەری لەسەر پڕۆسەی بیرهاتنەوە هەیە و تا چەند زانیاریەکان ناڕێک بخرێتە ڕوو ئەوا خێراتر لەبیردەکرێت.

٢- تیۆری تێکەڵبوون و ڕێگرتن (التداخل و التعطیل)

بە بۆچونی لایەنگرانی ئەم تیۆرە بیرچوونەوە بریتیە لە تێکەڵبوونی زانیاری کۆن و نوێ، واتە هەریەک لە زانیاریەکان دەبێتە بەربەست لە بەردەم زانیاریەکانی تر و دوو جۆر تێکەڵبوون هەیە ئەوانیش:

أ- ڕێگرتنی بابەتی نوێ لە بابەتی کۆن: واتە کاتێک مرۆڤ فێری بابەتی نوێ دەبێت، ئەو زانیاریە نوێیە دەبێتە هۆی بیرچوونەوەی بابەتە کۆنەکانی کە پێشتر کۆی کردبۆوە، بۆ نمونە کاتێک قوتابی بابەتێک دەخوێنێتەوە و پاشان بێ ئەوەی پشوو بداتە خۆی بابەتێکی تر دەخوێنێت لەم کاتەدا بابەتی یەکەمی بیردەچێتەوە یان بە باشی بیری نایەتەوە چونکە بابەتە نوێیەکە لەبەردەم هێنانەوە یادی ئەو بابەتەی کە پێشتر خوێندبووی وەک بەربەست کاری کرد.

ب- ڕێگرتنی بابەتی کۆن لەسەر بابەتی نوێ (الکف البعدي): واتە زانیارییە کۆنەکە دەبێتە بەربەستێک بۆ وەرگرتنی بابەتی نوێ بۆ نمونە زمانی دایک لە زۆر حاڵەت دەبێتە بەربەست لە فێربوونی زمانی نوێ.

٢- تیۆری کپکردن (الکبت):

ئەم بیردۆزە زانای دەروونزان (فرۆید) بانگەشەی بۆ کرد کاتێ وتی بیرچوونەوەی ناو و شوێن و مەوعیدەکان پاڵنەرێکی نەستی لەدوادایە، ئەویش لەبەر بوونی حەزێکی شاراوە بۆ بیرچوونەوەی ڕووداوەکان بەتایبەتی ئەو ڕووداوانەی کە دەبێتە مایەی ئازار بۆکەسەکە، واتە پڕۆسەی بیرچوونەوە لەم حاڵەتانەدا ئامانجی پاراستنی مرۆڤە لە ئازارەکان، ئێمە دەتوانین زانیارییە کپ کراوەکان بگەڕێنینەوە ئەویش بەچەند ڕێگەی تایبەت وەک خەواندنی موگناتیسی.

سوودەکانی بیرچوونەوە

ئایا بیرچوونەوە سوودی بۆ مرۆڤ هەیە؟

لەگەڵ ئەوەی بیرچوونەوەی زانیاریەکان دەبیتە مایەی ناڕەحەتیمان و لەزۆر حاڵەت دەبێتە مایەی ئازار و زیان، بۆ نمونە کاتێک نەتوانین زانیاری پێویست بهێنینە یادمان وەک بیرهاتنەوەی زانیاری لەکاتی تاقیکردنەوەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بیرچوونەوە لە هەندێک حاڵەت سوودی زۆری هەیە لەوانە:

أ- بیرچوونەوە یارمەتی مرۆڤ دەدات ئەو زانیاریە بێسوودانەی کە ڕۆژانە وەری دەگرێت لە مێشکی خۆی دووری بخاتەوە.

ب- بە مەرجێکی سەرەکی دەژمێردرێت بۆ پڕۆسەی فێربوون چونکە مرۆڤ هەڵەکانی بیردەچێتەوە لەکاتی مەشقکردنی.

ئێمە ئەو زانیاریانە لەبیردەکەین کە دەبنە مایەی ئازار و ناڕەحەتیمان تا بتوانین بە ئاسودەیی بژین.

دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەربارەی (بیرهاتنەوە و بیرچوونەوە)

گرنگترین دەرەنجامەکانی تاقیکردنەوەکان سەبارەت بە بیرهاتنەوە و بیرچوونەوە بریتیە لەم خاڵانەی خوارەوە:

١- جیاوازی هەیە لەنێوان تاکەکان لە پڕۆسەی بیرچوونەوە و بیرهاتنەوە.

٢- بیر وباوەڕ و ئاڕاستەکانی مرۆڤ و زانیارییە گشتیەکان بە زەحمەت لەبیردەچێتەوە.

٣- کارە جەستەییەکان و خووەکانی مرۆڤ بە زەحمەت لەبیردەکرێت بە بەراورد لەگەڵ زانیاریە زارەکیەکان.

٤- ئەو بابەتەی کە مرۆڤ تێی دەگات زیاتر لە مێشک دەچەسپێت و درەنگتر لەبیردەکرێتەوە.

٥- ئەو چالاکیانە مرۆڤ دەیکات دوای وەرگرتنی زانیاریەکان کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕادەی لەبیرچوونەوە.

٦- بیرچوونەوە لە ڕؤژ خێراترە لە کاتی شەو.

٧- ئەو زانیاریانەی مرۆڤ قەناعەتی پێی هەیە زیاتر لە بیری دەمێنێتەوە بە بەراورد لەگەڵ زانیاریەکانی تر.

٨- بیرچوونەوەی زانیاریەکان لە سەرەتایدا خێرایە تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی نیوەی زانیاریەکان لەبیر دەکرێتەوە پاشان لەسەرخۆ دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



1708 بینین