درۆی سپی - درۆی نیسان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-01-21:04:00 - کۆدی بابەت: 4047
درۆی سپی - درۆی نیسان

ناوه‌ڕۆك

درۆی سپی چیە؟

لە ڕۆژی یەكەمی مانگی نیسان - ئەپڕێڵ ـی هەموو ساڵێك خەڵكی وڵاتان بە گشتی و بە تایبەتتر وڵاتانی ئەوروپا دەست دەكەن بە گاڵتەكردن و سوعبەت لەگەڵ یەكتری كە واتایەكی ڕاستی نەبێت و دواتر بە كەسەكە دەڵێن ڕاستی نەبووە و ئەمڕۆ یەكی نیسانە!

لە وڵاتان بە گشتی هەتاوەكو كۆتایی ڕۆژ بەردەوامە، بەڵام لە بەریتانیا و پۆڵەندا و نیوزلەندا هەركەس لەدوای نیوەڕۆوە درۆ بكات پێی دەڵێن (گەمژەكەی نیسان)، واتە لەو وڵاتانە هەتاوەكو نیوەڕۆی ڕۆژ ئەم بۆنە بەردەوامە.

چیرۆكی دروستبوونی 

چەندین چیرۆكی جۆراوجۆر هەن دەربارەی دروستبوونی ئەم بۆنەیە، بۆیە بە شێوەیەكی ڕاستی نازانرێ كامەیان تەواوە، بەڵام بە گشتی ئێستا بەبێ گەڕانەوە بۆ چیرۆكەكەی بووەتە بۆنەیەكی جیهانی و خەڵكانێكی زۆر دەخاتە پێكەنین و زۆرێكی دیكەش دڵگران دەكات بەدڵنیاییەوە.

بەڵام زۆرترین چیرۆك بگێڕدرێتەوە پادشای فەڕەنسا كارلی نۆیەمە، لە سەردەمی ئەودا و پێشووتریش جەژنی سەری ساڵ لە 21ی 3ـی ساڵ بۆ یەكی نیسان دەبوو، بەڵام لە ساڵی 1564 پادشا هەستا بە گۆڕینی ڕۆژژمێری زایینی و جەژنی سەری ساڵی هێنایە 25ـی كانوونی یەكەم(مانگی دوانزە) بۆ 1ـی كانوونی دووەم(مانگی یەك)، بەمەش ئەوانەی كە وەك جاران هەڵسوكەوتیان دەكرد گاڵتەیان پێدەكرد و پێیاندەوت (درۆ)، كە لە ساڵانی ئاییندەدا دەڕۆشتنە ئاهەنگ و كەس لەگەڵیان نەدەبوو چونكە جەژن لە سەرەتای ساڵ كرابوو، بۆیە بە گاڵتەكردنەوە دەیانوت كە ئەم گۆڕینی ڕۆژژمێرە درۆیە و پێی دەوترا (درۆكەی نیسان) .

درۆ بەناوبانگەكانی ئەم یادە

  • ڕووخانی بورجی پیزا : تەلەفزیۆنی هۆڵەندا لە ساڵی 1957 هەواڵی ڕوخانی بورجی پیزای بڵاوكردەوە.
  • گۆڕینی ڕێژەی پای : ڕۆژنامەیەكی بەناوبانگ لە 1998 وتارێكی بڵاوكردەوە لەلایەن فیزیازانێكەوە و تیایدا نوسرابوو كە بەپێی زۆرینەی دەنگی كۆبوونەوە ڕێژەی نەگۆڕی ژمارەی پای كە بریتییە لە (3.14) گۆڕاوە!
  • ئاو لە مەریخ : لە ساڵی 2005 هەواڵێك لە وێبسایتی ڕەسمی ناساوە بڵاوبوویەوە كە تیایدا نوسرابوو لە سەر مەریخ ئاو هەیە، بەڵام كە وتارەكەت دەكردەوە وێنەی پەرداخێك ئاو بوو لەسەر كێكێك كە ناوی كێكەكە (مەریخ - Mars) بوو.
  • تیرۆری بیڵ گەیتس : لە ساڵی 2003 هەواڵێك لە چین و كۆریای باكوور بە ڕێژەیەكی زۆر بڵاوبوویەوە كە ئاماژەیان دابوو لە CNNـەیەوە وەریانگرتووە و تیایدا هاتبوو كە بەهۆی دابەزینی نرخی بۆرسەوە بیڵ گەیتسی سەرۆكی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت تیرۆر كراوە.
  • پەنگوینی فڕیو : لە ساڵی 2008 دۆكیۆمێنتارییەكی درۆ بڵاوبوویەوە لەسەر فڕینی جۆرێكی پەنگوین، و تیایدا باڵندەی پەنگوین نیشاندەدرا كە دەفڕێت بەسەر دارستانی ئەمازۆندا، بەڵام ئەمەش گاڵتەیەك بوو لەگەڵ بینەران.
  • Google Nose :  لە ساڵی 2013 كۆمپانیای گوگڵ بەرنامەیەكی بڵاوكردەوە كە نوسرابوو دەتوانێ بۆن بگوازێتەوە لەڕێی مۆبایلەوە.

سوودەكانی ئەم بۆنەیە

هەر بۆنەیەك كە دەكرێت زیاتر بۆ خۆشی و یادكردنەوەی شتێكە، بۆیە هەرشتێكیش دڵی مرۆڤێك خۆشبكات سودێكی گەیاندووە، هەروەها ئەم یادە زۆركەس دەخاتە قسەكردن و هەستی گاڵتەیان بۆ دروست دەكات و جوڵەیەكی كۆمەڵایەتی دەخاتە نێو خەڵكی.

زیانەكانی ئەم بۆنەیە

لەم بۆنەیەدا جیا لە دڵخۆشبوونی خەڵكی، زۆركەسیش هەن كە لەگەڵ بیستنی هەواڵی درۆ یان گاڵتەیەك بە شێوەیەكی زۆر ڕاست وەریدەگرن و هەندێك كەس لەگەڵ هەواڵی ناخۆش تووشی جەڵتەی دڵ یاخود بوورانەوە دەبن، هەندێكیش تووشی ترسێكی زۆر دەبنەوە و هەست دەكەن سوكایەتییان پێكراوە.


سەرچاوەکان



910 بینین