خۆشویستی مانگی ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-30-13:24:00 - کۆدی بابەت: 3936
خۆشویستی مانگی ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

خۆشویستنی ڕەمەزان

مانگی ڕەمەزان وەك مانگەكانی تر نییە، چونكە لەم مانگەدا خودای گەورە قورئانی پیرۆزی تێدا دابەزاند، لەم مانگەدا خێر و چاكەكان چەند هێندە دەبن و مانگی ڕۆژووگرتن و نوێژكردن و نزا و پاڕانەوەیە، هەروەها مانگی نزیكبوونەوەیە لە خودای گەورە لە ڕێگەی خێر و چاكە كردنەوە، بەبۆنەی ئەم هۆكارانەوەیە كە موسوڵمانان مانگی ڕەمەزانیان زۆر خۆشدەوێت چونكە مانگی ڕەمەزان هەلی باشە بۆ دووركەوتنەوە لە ئەو خووە خراپانەی كە لە ژیانیاندایە، چونكە ئەم خووە خراپانە نەهامەتی و بارگرانین بەسەر مرۆڤەوە، بۆیە ئەو كەسانەی كە خووی خراپیان هەیە مانگی ڕەمەزان بە هەلێكی باش دادەنرێت بۆ دووركەوتنەوە لێیان، هەروەها مانگی ڕەمەزان كەش و هەوایەكی ڕۆحانی هەیە.

ڕووداوەكانی ڕەمەزان

چەندین هۆكاری گرنگی تر هەن كە مانگی ڕەمەزان خۆشەویست دەكەن لە لای موسوڵمانان، لەم مانگەدا چەندین ڕووداوی گرنگ ڕوویانداوە لە مێژووی ئیسلامدا، یەكێك لەوانە جەنگی بەدر بووە، ئەم جەنگە بریتیبوو لە شەڕی نێوان سوپای موسوڵمانان بە ڕابەرایەتی پێغەمبەر (د.خ) بەرامبەر سوپای كافر و بێدینەكانی قوڕەیش، كە لە ساڵی دووەمی كۆچیدا ڕوویداوە، لەم جەنگەدا هەرچەندە ژمارەی موسوڵمانەكان كەمتر بوون بەڵام توانیان بەسەر سووپای قوڕەیشییەكانیان سەربكەون.

یەكێكی تر لە ڕووداوە گرنگەكانی ئەم مانگە بریتییە لە جەنگی (عين جالوت) كە جەنێكی یەكلاكەرەوەبوو لە مێژووی ئیسلامیدا، بەهەمان شێوە ئەم جەنگە لە مانگی ڕەمەزاندا ڕوویداوە لە ساڵی 658 كۆچی، لەم جەنگەدا موسوڵمانەكان بە تەواوی سوپای مەنغۆلەكانیان تێكشكاند و ڕێگریان لێكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوە، لە دوای جەنگی (عين جالوت) مەنغۆلەكان لە دەوڵەتی شام دەركران، بەم شێوەیە توانای مەمالیكەكان و دەوڵەتەكەیان دەركەوت، ئەم جەنگە گرنگە لە باكووری فەڵەستین ڕوویدا لە نێوان ناصریە و پارێزگای جەنین و بێسان.

لەم مانگەدا مرۆڤی موسوڵمان ئەگەر پێشتریش زۆر لەسەر دین سوور نەبووبێت هەستێكی تایبەتتری هەیە و زیاتر ڕاستیەكانی بۆ دەردەكەوێت بۆیە خۆشەویستییەك دروست دەبێت لە ناخیدا.


سەرچاوەکان



732 بینین