دەروازەی جەستەی نێر و مێ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-30-01:25:00 - کۆدی بابەت: 3928
دەروازەی جەستەی نێر و مێ

ناوه‌ڕۆك

دەروازە

لە ڕاستیدا جیاوازیە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەزی نێرینە و مێینە بریتییە لە جیاوازی ڕژێنەکانی کوێرەڕژێنەکان و ئەندامەکانی زاوزێ و هۆرمۆنەکانیان و جیاوازییە دەرونییەکان، چونکە هۆرمۆنەکان کاریگەریەکی زۆریان هەیە لەسەر گەشەی جەستە و بیر و هۆش و ئارەزوو ویژدان و میزاج، جیاوازییەکان لە هۆرمۆنەکانەوە دەستپێدەکات و کۆتایی دێت بە جیاوازی جەستە و ئەقڵ و هۆش، هەرچەندە ڕەگەزی کۆرپەلە لە یەکەم ساتی دروست بوونی هێلکەی پیتراوەوە دیاری دەکرێت، لوتکەی زاوزێ (الشامخة التناسلیة) هەر زوو لەسەرەتایی دروست بوونییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەندامی زاوزێی نێرینە (جووتە گون) یان بۆ ئەندامی زاوزێی مێینە (هێلکەدان)، بەڵام ئەندامەکانی زاوزێی دەرەوە دوادەکەون لە دیار کەوتن تاوەکو هەفتەی حەوتەم، تا ئەوکاتەش ناتوانرێت بزانرێت کە ئەو کۆرپەلەیە نێرە یان مێیە چونکە ئەندامی زاوزێیان هاوبەشە.

دروستبوونی نێر و مێ

لە هەفتەی حەوتەم لە ژێر کاریگەری هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و هەندێک ماددەی نا ئیستیرۆیدی کە خانەکانی (سرتۆلی MIS) جووتە گون دروست دەکات، بە گواستنەوە و شۆڕبوونەوە لەناو هەناوەوە بۆ ناو تورەکەی گون، ئەگەر هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن نەبوو، کەناڵی(ولفی) نێرینە دەپوکێتەوە و کەناڵی (مولەر)ـی مێینە دەست بە گەشە دەکات لەژێر کاریگەری هۆرمۆنی ئیسترۆجینی ناو خوێن و وێڵاش، ئەندامەکانی زاوزێی مێینەی ناوەوە دروست دەبن و لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کەوا کۆئەندامی زاوزێ لە کۆرپەلە هاوبەشە لە نێوان نێر و مێ، بەڵام بەهۆی کاریگەری هۆرمۆنی نێرینە تێستۆستیرۆن ڕەگەزی کۆرپەلە جیادەکاتەوە بۆ نێرینە و مێینە.

هەرچەندە گەر کۆرپەلە وای بۆ نوسرابوو ببێت بە نێرینە، بەڵام لەناو ناخی پێکهاتەی جەستەیی و دەروونی بەشێک و پشکێک لە مێینەشی تێدایە، بە تاقیکردنەوە دەرکەوتووە کە جیاوازی تەواو لە نێوان نێرینە و مێینە مەحاڵە، هەرکاتێک هۆرمۆنی نێرینە زاڵبێت بەسەر هۆرمۆنی مێینە ئەوا ڕەگەزی کۆرپەلە دەبێتە نێر، هەرکاتێکیش تێستۆستیرۆن نەبوو ئەوا کۆرپەلە دەگۆڕێت بۆ مێ.

هەر بۆیە زۆر لە هۆرمۆنەکان دەبینین هاوبەشن لە نێوان هەردوو ڕەگەز، بەڵام بەڕێژەیەکی جیاواز لەبەر هەمان هۆکار دکتۆر بیدڵ (Biedel)دەڵێت: پیاوی پاڵاوتە(الرجال الخالص) یان ئافرەتی پاڵاوتە(للمراة الخالصة) دوو حاڵەتی وان زۆر بەدەگمەن دەست دەکەون لە باری ئاساییدا، مانای وایە کەم ڕوودەدات نێرینەیەک هیچ هۆرمۆنی مێینەی نەبێت یان بە پێچەوانەوە مێینەیەک هیچ هۆرمۆنی نێرینەی تێدا نەبێت.

كۆئەندانی دەرهاویشتن

کۆئەندامی دەرهاویشتن و کۆئەندامی زاوزێ بریتین لە دوو کۆئەندام، جیاوازن لە کار و فەرمان بەڵام لەڕووی توێکاریدا لە کۆتاییەکانیاندا لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێدا یەکدەگرنەوە.

کۆئەندامی دەرهاویشتن(الجهاز البولي- Urinary-Renal-system) لە : دوو گورچیلە(Kidneys)، جووتە بۆری میز(Ureters)، میزەڵدان(Urinary bladder)، ڕێڕەوی هاوبەشی (Urethra)پێکدێت.

دەبینین هاوبەشی و لەیەکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو کۆئەندامی دەرهاویشتن لە نێر و مێ، تەنها جیاوازییەکی زۆر بەدی دەکرێت لە درێژی بۆری دەرەوەی میزکردن (ڕێڕەوی هاوبەشی)، کە لە نێرینە درێژترە لەوەی مێینە و لەگەڵ ئەندامی زاوزێ یەکدەگرێتەوە لە کۆتاییەکەیدا، بەڵام لە مێینەدا کورتە و یەك ناگرێتەوە لەگەڵ ئەندامەکانی زاوزێ، شێوەی میزەڵدانیش دەگۆڕێت و جیاوازیشە لەبەر بوونی جیاوازی شوێن و شێوەی ئەندامەکانی زاوزێ لە هەردوو ڕەگەز کۆئەندامی دەرهاویشتن خوێن دەپاڵێوێت لە ماددە زیان بەخشەکان و ئاوی زیادە بۆ دەرەوەی لەش دەبات.


سەرچاوەکان



1205 بینین