پێناسەی دەروونزانی چییە؟

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-28-22:05:00 - کۆدی بابەت: 3859
پێناسەی دەروونزانی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی دەروونزانی چییە؟

وشەی دەروونزانی لە وشەی psychology وەرگیراوە کە ئەویش لە دوو وشە پێکدێت psych بە مانای ڕۆح یان دەروون و وشەی logy مانای لێکۆڵینەوەی زانستی دەگەیەنێت واتە psychology مانای زانستی دەروون یان ڕووحە.
ئەگەر سەرنج بدەینە سەرچاوەکانی دەروونزانی چەندین پێناسەی جیاجیا دەبینین بۆ دەروونزانی، دیارترین و سادەترین پێناسەی بریتیە لە (ئەو زانستەیە کە لە ڕەفتاری مرۆڤ دەکۆڵێتەوە) بەڵام ئەم پێناسە تەنها لایەنێکی دەروونزانی دەگرێتەوە ئەویش ڕەفتارەکانی مرۆڤە، بۆیە ناتوانین پشت بەم پێناسە ببەستین وەک پێناسەیەکی گشتگیر.
لەپاش پێشکەوتنی زانستی دەروونزانی، پێناسەکەی چەند گۆڕانکاریەکی بەسەرداهات و لە دەرئەنجامدا چەند پێناسەی نوێ بۆ دەروونزانی خرایەڕوو لەوانە دەروونزانی (ئەو زانستەیە کە لە ڕەفتاری مرۆڤ دەکۆڵێتەوە کە لە ئەنجامی وروژێنەرەکان دەردەکەوێت و بەدوای پڕۆسە مەعریفیەکانی و ئەزموونەکانیدا دەگەڕێت).

دەتوانین پێناسەی دەروونزانی بەم شێوەیە بخەینەڕوو

زانست: دەروونزانی بە زانست دەژمێردرێت چونکە شێوزاری ڕێکخراو بەکاردێنێت بۆ تێبینیکردنی ڕەفتارەکان و وەسفکردنی و پێشبینیکردن و شیکردنەوەی ڕەفتارەکان.
ڕەفتار: هەموو وەڵام دانەوەیەک دەگرێتەوە کە مرۆڤ دەریدەبێت لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی بارودۆخە جیاجیاکان.
وەڵامدانەوە: هەموو چالاکیەک دەگرێتەوە کە لە دەرئەنجامی وروژێنەرەکان دەردەکەوێت و وەڵامدانەوەکانیش جوڵەیی یان زارەکی یان بەهەڵەچوون دەبێت
وروژێنەر: هەموو هۆکارێکی دەرەکی یان ناوەکی دەگرێتەوە هانی چالاکیەکانی مرۆڤ دەدات یاخود ڕایدەگرێت، ورووژێنەرەکان دوو جۆرن:
١_ دەرەکی      ٢_ ناوەکی (فسیۆلۆژی، دەروونی)
پڕۆسە ئەقڵیەکان: بریتیە لە بڕێکی تایبەت لە توانا هزریەکانی کەسەکە و هەست و سۆزی و پاڵنەرەکانی و لەگەڵ ئەوەی کەسانی تر ناتوانن ئەم پڕۆسەیە ببینن بەڵام لەڕاستیدا بوونی هەیە.

ئامانجەکانی دەروونزانی چیین؟

چوار ئامانجی سەرەکیمان هەیە لە دەروونزانی، هاوبەشە لەگەڵ زانستەکانی تر، ئامانجەکانیش بریتین لە:
١_ تێگەیشتنی ڕەفتار و شیکردنەوەیان: واتە وەسفکردنی دیاردەکە بە شێوەیەکی ورد، ئەویش لەڕێگەی ورووژاندنی پرسیار (چۆن)؟
٢_ دەستنیشانکردنی هۆکارەکان: واتە لە هۆکارەکانی دروستبوونی دیاردەی ڕەفتارەکان دەکۆڵێتەوە ئەویش لەڕێگەی ورووژاندنی پرسیار (بۆچی)؟
٣_ پێشبینیکردن: واتە پێشبینی دەرەنجامی ئەم ڕەفتارە بکەین، چ ڕوودەدات، ئەو پێشبینیەش لەسەر بنەمای تێگەیشتن و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان دەبێت.
٤_ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتارەکە: واتە زاڵبوون بەسەر ئەو ڕەفتارەی کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین و بەشێوەیەکی ڕاست و دروست ئاڕاستەی بکەین.


سەرچاوەکان



3395 بینین