بانکە بازرگانییەکان چین؟ - Trade Banks

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-00:56:00 - کۆدی بابەت: 3803
بانکە بازرگانییەکان چین؟ - Trade Banks

ناوه‌ڕۆك

بانکە بازرگانییەکان - Trade Banks

ئەو دامەزراوانەن کە سپاردەکان لە تاکەکان و دەستەکان وەردەگرن بۆ خواستی ژێر دەست و پاشینە ئینجا ئەم سپاردانە بۆ پێدانی قەرز و پێشینەی قەرز (سلفە) بەکار دەهێنرێ.
واتا ئەم دامەزراوانە مامەڵە بە متمانەیی و ماوەی کورتخایەن دەکەن بە مەبەستی بەدیهێنانی دوو ئامانج:

١- دابینکردنی پاشەکەوتە ناوخۆییەکان بۆ یەکە ئابوورییەکان، تاکەکان بن یان کۆمپانیاکان و یان دامەزراوە و بریکارەکان.
٢- پێشکەشکردنی قەرز و ئاسانکارییەکانی تر بۆ یەکە ئابوورییەکان.

بۆ دروستكردنی متمانە

بۆ ئەوەی بانکی بازرگانی متمتانە دروست بکات ئەوا پشت بە چوار پێوەر دەبەستێت ئەوانیش:

  • کەسایەتی قەرز وەرگر.
  • سەرمایەی قەرز وەرگر.
  • توانای دارایی قەرز وەرگر.
  • دەستەبەر (ضمان).

ئەرکەکانی بانکی بازرگانی

دەتوانین ئەرکەکانی بانکی بازرگانی بەم شێوەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

  • وەرگرتنی سپادەکان.
  • قەرزپێدانی دەرامەت و ئاسانکارییەکانی متمانەیی کە لە سەرەتادا تەنها داشکانی کۆمپیالەی بازرگانی بوو، وەرگرتنی لە کاتی شایستەبووندا.
  • ڕەخساندنی دراوی بانکی بۆ بەشداریکردن لە زیادبوونی چالاکییەکانی ئابووری.

کۆمپیالە

بریتییە لە کاغەزێک کە خاوەن قەرز دەری دەکات تێیدا فەرمان بەسەر قەرزارەکەیدا دەدات کە پارەیەکی نەختینەیی دیاریکراو کە بەروار و ڕۆژی دیاریکراو لەسەری نوسراوە بدات بە هەڵگری کاغەزە (کۆمپیالەکە) واتە (کۆمپیالە کاغەزێکی بازرگانییە).

کۆمپیالە داشکاندن

کاتێک بانقەکە (کۆمپیالە)ـی بۆ دەبەن وەری دەگرێت و قەبوڵی دەکات پێش تەواو بوونی ماوەی قەرزەکە لە جیاتی قەرزارەکە بەهای کۆمپیالەکە دەداتەوە، بەڵام دەستخۆشانە (برێ) پارە بۆ خۆی لێی دادەشکێنێ.

پشک (سهم)

بریتییە لە کاغەزێک، کە تێیدا سەرمایەی کەسێک لە پڕۆژەیەکدا دیاری دەکات و هەموو کەسێک بەپێی ئەو پشکەی کە هەیەتی لە پڕۆژەکەدا قازانج و زەرەری بەردەکەوێت و پشک لە بازاڕی ماڵ و دارایدا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ، خاوەندارییەتی لە کەسێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر، بۆ نموونە ئەگەر قەبارەی سەرمایەی کۆمپانیای (تۆیۆتا) پێک هاتبێ لە ١٠٠ پشک و کەسێک ٢ پشک بکرێت لە کۆمپانیای تۆیۆتا بە (٤٠٠٠٠$)، ئەوا ئەم کەسە بەپێی ئەو پشکەی کە هەیەتی لە سەرمایەی کۆمپانیاکە (قازانج) و (زەرەر)ـی بەبەر دەکەوێت و ئەم کەسە دەتوانێت (پشک)ـی خۆی بفرۆشێت لە بازاڕی ماڵ و دارایی بەو نرخەی کە کڕیویەتی یان زیاتر یان کەمتر.

قەباڵە (سەنەد)

بریتییە لە کاغەزێک کە قەرز وەرگر دەری دەکات، جا قەرزارەکە (بانک بازرگانی) بێت یان تاکەکەی خەڵک یان حکومەت بێت کە لەم کاغەزە بازرگانییە ناوی کەسەکە و بڕی قەرزەکە و نرخی سووەکە و ماوەی دانەوە قەرزەکە تێیدا تۆمار کراوە، ئەم کاغەزە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، واتا خاوەندارییەتی لە کەسێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر.

دروستکردنی سپاردەکان

بیرۆکەی دراوە سپاردەکان: بانکە بازرگانییەکان متمانەی خۆیان بە دوو ڕێگا پەیدا دەکەن:

١- گەر بێتو بانکەکە بڕی قەرز بە یەکجار یان چەند جارێک بە شێوەی دراو یاسایی لەو دراوەی هەیەتی بداتە قەرز وەرگر، لەم حاڵەتەدا ئەوەی کە ڕوودەدات تانها کرداری گواستنەوەی بڕی ئەم دراوەیە لە بانکەوە بۆ دەستی قەرزوەرگران بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر کۆی بڕی دراوە خستنەڕووەکاندا ڕووبدات.

٢- بانک ئەو مافە بە قەرز وەرگر بدات ئەوا ئەو بڕە قەرزەی لەسەری ڕێک کەوتوون بەهۆی چەکەوە (Cheques) یان ڕەوانەکراوەکان (Transfers) ئەو بڕە بشکێنێتەوە. لەم حالەتەدا قەرز وەرگر بۆی هەیە ئەم بڕە پارەیە لە ڕێگای چەکەکانەوە بۆ دانەوەی بەهای شمەک و خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنێت هەروەک دراوی یاسایی بەکارهێنابێت، بەم ڕێگایە هەندێک لە پێداوەکان بێ بەکارهێنانی دراوی یاسایی ئەنجام دراوە، ئەوەش بە بەکارهێنانی دراوی تر کە بانکەکە دروستی کردوون، واتا دراوی سپاردەکان (Money Deposists) کە بانک بە بەربەستەژمێرییەکانی لە تۆمارەکانی دروستی کردوون، لەم حاڵەتەدا بڕێکی دیکە لەم دراوە لە جۆرێکی تر خرانە سەر بڕی دراوە یاساییەکە، ئەمەشە پێی دەڵێن ''دراوی سپاردن'' کە بانک دروستی کردوون، لە ئاکامدا دەبێتە مایەی زیادبوونی بڕی کۆکراوەی دراوە خراوەڕووەکە.


سەرچاوەکان



4153 بینین