پشتێنەی حەوز - حزام الحو‌ض - Palvic hip girdle

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-27-00:34:00 - کۆدی بابەت: 3763
پشتێنەی حەوز - حزام الحو‌ض - Palvic hip girdle

ناوه‌ڕۆك

پشتێنەی حەوز كوێیە؟

ئێسکەکانی حەوز لە دوولای وەک یەک پێکهاتووە، هەردوولا لە ڕووی پێشەوە یەکدەگرن بەهۆی گرێی موسلدان (الارتقا‌ء لاعانی- Pubic symphisis)ـو لە دواوەش بەستراون بە ئێسکەکانی سێ بەندەوە و وەک پشتێنەیەکی لێهاتووە، ئەو پشتێنە هێز و توانا دەبەخشێت بە پەلەکانی خوارەوە هەتا بتوانێت بەشێک لە کێشی لەش هەڵگرێت.

بەشەكانی

هەر لایەک لە حەوز لە سێ ئێسک پێکهاتووە:

  • کلۆت(الحرقفة-Iliam)
  • موسلدان(العانة-Pubic)
  • سمت(الاسک-Ischiam)

ئەم سێ ئێسکانە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا یەکدەگن لە ناوچەی (الحق-Acetabulum) کە بریتییە لە چاڵێکی نیوەبازنەیی پێی دەڵێن: (قولکە بۆشایی) لە ڕووی دەرەوەی حەوز و لەگەڵ سەری ئێسکی ڕان یەکدەگرن و جومگەی حەوز پێکدەهێنن(Hip joint)، کونێکێش لە نێوان ئێسکی سمت و موسلداندا هەیە پێی دەڵێن (داخراوە کون) بە پەردەیەکی بەهێز داپۆشراوە و هەندێک موولوولەی خوێن و دەماری پێدا دەڕوات تا پلی خوارەوە، ئێسکەکانی پشتێنەی حەوز و سێ بەندە و کلێنچە (کرتێنکە) حەوز پێکدەهێنێنن.

حەوزەكان

دوو حەوزیش هەیە:

  1. حەوزێکی درۆینەی گەورە کە دەکەوێتە لای سەرەوە و بە ئێسک دەورە نەدراوە و هەندێک پارچەی  کۆئەندامی هەرسی تێدایە.
  2. حەوزێکی ڕاستەقینەی بچوک لای خوارەوە کە بە کلێنچە و موسلدان و کلۆت دەوورە دراوە و دەروازەی (مدخل) چوونەژوور و دەرچەی هاتنەدەرەوەی (المخرج)هەیە.

جیاوازی حەوزی نێر و مێ

ئەگەر بە وردی سەیری شێوەی حەوزی هەردوو ڕەگەز بکەین جیاوازی زۆر بەدی دەکرێت لە نێوان حەوزی نێر و مێیە، ئەو جیاوازیانە هەموویان هاوکارن بۆ کرداری سکپڕبوون و منداڵبوون و جیاوازییەکانیش ئەمانەن:
١- ئێسکەکانی حەوزی نێرینە قورس و زبرە، ماسولکە و ژێیەکانی کە پێوەی بەندن توند و بەهێزن، لە مێیەشدا ئێسکەکان سوک و ناسک و لوسە، ماسولکە و ژێیەکانی نەرمن و توانایی کشانیان زۆرە.
٢-دەروازەی حەوزی مێیە بازنەیی یە، بەڵام لە نێرە بچوکترە و لە شێوەی دڵ دایە.
٣-حەوزی ڕاستەقینە لە مێیەدا فراوانترە و چالاكی کەمترە بە بەراورد لەگەڵ نێرە.
٤-دەرچەی هاتنەدەرەوەی حەوزی ڕاستەقینە لە مێیەدا فراوانترە.
٥-گۆشەی کەوانەیی موسلدان لە مێیەدا ٩٠پلەیە، بەڵام لە نێرەدا گۆشەکەی تیژە.
٦-گرێی موسلدان و دڕکە سمت لە مێیەدا بۆ ڕووی دەرەوە لاربوونەتەوە تاکو لە کاتی کرداری گەشەی کۆرپە و منداڵبوون ئازاری کۆرپەلە نەدات.
٧-پارچە ئێسکە دەرچووەکانی کلێنچە لە مێیەدا کەمترن و بچوکترن.
٨-شێوەی داخراوە کون لە مێیەدا سێ گۆشەیی یە، لە نێرەدا هێلکەیی یە.
٩-کلێنچە لە مێیەدا کورتتر و فراوانتر و تەختترە بە بەراورد لەگەڵ کلێنچەی نێرە.
١٠-گۆشە کلێنچە و کەلەکە کەمتر بەرە و ناو حەوز بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە تیرەی حەوز زیاد بکات لە ڕووی پێشەوە و پشتەوە.

تیرەی حەوز (لە ئاستی دەروازەی هاتنەژوورەوە) لە پێشەوە بۆ پشتەوە کە بریتیە لە ماوەی نێوان ناوەڕاستی موسلدان و کلێنچە نزیکەی ١١ سم دەبێت، تیرەی حەوز لە تەنیشتەکان واتە لە ڕاست و چەپ ١٣ سم دەبێت، هەردوو تیرە لە مێیەدا ١ سم زیاترە بە بەراورد لەگەڵ نێرە، تیرەی حەوز (لە ئاستی دەرچە) لە پێشەوە بۆ پشتەوە ١٣،٥ سم تیرەی لە ڕاست بۆ چەپ ١١،٥ سم دەبێت، بەڵام بۆ حەوزی نێرە تەنها ٨،٥ وە ٨سم دەبێت، بۆ هەردوو تیرە یەک لە دوای یەک، شتێکی بەڵگە نەویستە کە حەوزی ئافرەت جیاوازبێت لە حەوزی پیاو، چونکە کارێکی گرنگی لەسەرە بۆیە پێویستی بە چەند سیفەتێکی پێویست هەیە کە حەوزی پیاو ئەم پێویستەی نییە، ئەم کارە گرنگەش بریتییە لە گەشە و خواردن پێدان و پاراستن و هاتنەدەرەوەی کۆرپەلە و پارچە پێوەلکاوەکانی ترە کاتی لەدایکبوون، بەکورتی ئەم شێوە تایبەتەی حەوزی ئافرەت وادەکات کاری لەدایکبوون ئاسان بکات بۆ هەردوو لا، دایک و کۆرپەلە.
پاش لێکۆڵینەوە لە ئێسکەکانی حەوزی ئافرەت، دەبینین بە گشتی ئێسکی ئافرەت بەشداری دەکات لە هەندێک سیفاتی سروشتی پەیوەست بە ڕەگەزی مێینە وەک ناسکی و سووکی ئێسکەکان و تەختی و کەمی گرێ و گۆل و زبری و تیایدا زیادی لوسی و کەمی قولی چالەکانی، لەلایەکی ترەوە سیفەتەکانی ئێسکی پیاو پێچەوانەی سیفەتەکانی ژنانە.


سەرچاوەکان



945 بینین