شەوی قەدر - لیلة القدر

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-03:51:00 - کۆدی بابەت: 3744
شەوی قەدر - لیلة القدر

ناوه‌ڕۆك

ئیعتیکاف و لیلة القدر

ئیعتیکاف واتە مانەوە لەناو مزگەوت بە نیازی خواپەرستی. مانەوە لەناو مزگەوت بە نیازی خواپەرستی سوننەتێکی زۆر بەخێرە لە هەموو کاتێکدا، بەڵام لە دە شەوەکانی کۆتایی رەمەزاندا لە هەموو کاتێکی تر خێری زۆرترە (عن عائشة رَضِيَ اللهُ عنها: کان النَّبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم كان يعتكفُ العَشرَ الأواخِرَ من رمضانَ حتَّى توفاه الله تعالی) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ هەموو ساڵێک لە دە شەوەکانی کۆتایی ڕەمەزاندا لە مزگەوت ئەمایەوە تا وەفاتی کرد. مانەوەی ئەو دە شەوانە لەبەر ئەوە زۆر خێرە، تاکو خێری لیلة القدری دەست بکەوێ (عن أبي هريرة رضي الله عنه أن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال: مَن قام ليلةَ القدر إيمانًا واحتسابًا، غُفر له ما تقدَّم من ذنبه) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: هەر کەسێک لە لیلة القدردا خواپەرستی بکات و باوەڕی بەو شەوە هەبێت و داوای پاداشتی خوا بکات، خوای گەورە لە گوناهی ڕابردووی خۆش ئەبێ. دڵی ئیمامی شافعي بۆ ئەوە ڕۆیشتووە کە لیلة القدر شەوی بیست و یەک، یان بیست و سێی ڕەمەزانە. هەندێ زانای تر فەرموویانە: شەوی بیست و حەوتی ڕەمەزانە، هەندێکی تر فەرموویانە: لە دە شەوەکانی ئاخیری ڕەمەزان لە تاکەکانە. خێری لیلة القدر دەستگر ئەبێ بە ئیعتیکاف کردن لە مزگەوت، یان قورئان خوێندن، یان نوێژ کردن، یان زیکر کردن، جا لەهەر شوێنێک بێت، وە سوننەتە لە لیلة القدردا بڵێ (اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي) رواه الترمذي.

مەرجەکانی ئیعتیکاف

  1. نیەتهێنانە، واتە بە نیازی خواپەرستن بچێتە ناو مزگەوت.
  2. نەختێک لە مزگەوتدا بمێنێتەوە واتە جگە لە مزگەوت ئیعتیکاف لە هیچ شوێنێکی تردا دروست نییە، چونکە پێغەمبەر ﷺ و صحابة هەر لە مزگەوتدا ئیعتیکافیان کردووە، هەم لەبەر ئەو ئایەتەی لەمەودوا دێت.

ئیعتیکاف هیچ زکرێکی تایبەتی نییە، کەوابوو بەتەنها مانەوە لەناو مزگەوتدا ئەگەر جگە لە نیازی خواپەرستی هیچی تریش نەکا خێری بۆ ئەنوسرێ. دروست نییە لە مزگەوت بچێتە دەرەوە لەو ئیعتیکافەی کە لەسەر خۆی نەزری کردووە، تا ماوە نەزرکراوەکە کۆتایی دێ، بەڵام لەبەر پێویستییەکانی ئادەمیزاد وەک میزکردن، یان پیسایی، یان جەنابەت دروستە بچێتە دەرەوە، یان عوزرێکی تری هەبێ، وەک حەیز و منداڵبوون، یان نەخۆش بێ، کە نەگونجێ لەگەڵ ئەو نەخۆشییە لە مزگەوتدا بمێنێتەوە. ئیعتیکاف بە جیماعکردن بەتاڵ ئەبێتەوە، هەروەها بە دەستبازیش بەتاڵ ئەبێتەوە ئەگەر ئاوی بێتەدەر واتە لەشی پیس بێت، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَلاَ تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ) واتە: دەستبازی و جیماع لەگەڵ ئافرەتەکانتان مەکەن لەو کاتەی لە مزگەوتەکاندا ئیعتیکاف ئەکەن.  کەواتە ئیعتیکاف بە بێ دەستنوێژی بچووک بەتاڵ نابێت. سوننەتە لە مانگی ڕەمەزاندا زۆر خێر بکات و یارمەتی هەژاران بدات و لە کاتی بەربانگدا خواردەمەنی بداتە ئەو کەسانەی کە بەڕۆژوون، هەروەها سوننەتە بە شەو و بە ڕۆژ زۆر قورئان بخوێنێ (عن عبدالله بن عباس ڕضي الله عنهما: كانَ رَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ أجْوَدَ النَّاسِ، وكانَ أجوَدُ ما يَكونُ في رَمَضَانَ حِينَ يَلْقَاهُ جِبْرِيلُ، وكانَ جِبْرِيلُ يَلْقَاهُ في كُلِّ لَيْلَةٍ فی رَمَضَانَ حتى ينسلِخَ یعرض علیه النبی ﷺ القرآن) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لە هەموو کەسێک سەخی تر بوو، بەڵام لە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر سەخیتر ئەبوو، زۆر خێری ئەکرد لەو کاتەی حەزرەتی جوبرەئیل لە هەموو شەوێکی ڕەمەزاندا ئەهاتە لای پێغەمبەر ﷺ قورئانی لەلا ئەخوێندەوە تا کۆتایی ڕەمەزان ئەهات.


سەرچاوەکان



2313 بینین