فەلسەفەی زانست

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-23:14:00 - کۆدی بابەت: 3680
فەلسەفەی زانست

ناوه‌ڕۆك

فەلسەفەی زانست چییە؟

لەبەرئەوەی کە فەلسەفەی زانست لە دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی زانستەکانی سەردەمی نوێ بووە، فەیلەسووفان هەوڵیان داوە، بایەخ بە زانستەکان بدەن، و لە ڕووی بەرنامە و لۆژیکەوە لێیان بکۆڵنەوە و پێکهاتن و دامەزراندنی بیردۆزی زانستی خراوەڕوو شیبکەنەوە. فەلسەفە هەر لە کۆنەوە بایەخی بە زانیاری زانستی داوە و زۆربەی فەیلەسووفانی یەکەم زانابوون و لە سەردەمی ڕێنیساسدا شیکردنەوە زانستییەکان ڕاستەوخۆ کاریان کردۆتە سەر ئاراستە فەلسەفییەکان، بۆ نموونە هەروەک لە فیزیای نیوتن روویداوە. یان هەروەک لە دۆزینەوە نوێیەکانی گەردیلە و دامەزراندنی ڕوویداوە و ڕوودەدات.

فەلسەفەی زانست پسپۆڕییەکی گرنگە لە پسپۆڕییەکانی فەلسەفە کە فەیلەسووف و زانا ناتوانن دەستی لێ هەڵگرن. بەشێوەیەکی سادە ئەوەیە کە فەلسەفەی زانست فەلسەفەکارییە دەربارەی زانست یان لایەنێک لە لایەنەکانی دەگرێتەوە. بۆ نموونە ئەوەی خەریکی فەلسەفەی زانستە بۆی هەیە خەریکی لایەنە میتافیزییەکان (ئەودیو سروشت)ـی زانست بێت.

واتە فەیلەسووفی زانست چی دەتوانێت دابمەزرێنێت دەربارەی خستنە ڕوویەکی زانستیانەی گەردوون یان ماددە یاخود ژیان لە دامەزراندنێکدا کە پەیوەندی بە بنچینەی گەردوون و سروشتی و هۆیەکانی و مەبەستەکانی بێت. فەیلەسووفی زانست بۆی هەیە زانست ببەستێتەوە بە ڕەوشت و ڕاستی و جوانی پاشان پرۆژەیەکی مرۆڤانەی لێ دروست بکات هەروەها بۆی هەیە لە مێژووی زانست و ئەو پێشکەوتنەی بەسەریدا هاتووە بکۆڵێتەوە لەگەڵ لێکۆلینەوە لە کردەوە دەروونی و ژیرییەکان کە پەیوەندیان بە دۆزینەوە زانستیەکان هەیە.

مەرجەكانی

هەرچۆنێک بێت کارکردن لە فەلسەفەی زانست دوو مەرجی هەیە: 

یەکەم: فەیلەسووفی زانست دەبێت خاوەن بەرنامە بێت بەشێوەیەک کە خستنەڕووە زانستییەکان لە سەر بنچینەکانی ئەو بەرنامەیە لێک بداتەوە.
دووەم: فەیلەسووفی زانست دەبێت بزانێت کە زانست بابەتی لێکۆلینەوەی فەلسەفەکەی و کەرەستە خاوەکەیەتی ئەویش بۆ دووپات کردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە دەڵێت فەلسەفە لەو شوێنە دەست پێدەکات کە زانستەکانی لێ وەستاوە.

 


سەرچاوەکان



1226 بینین