عەبدولحەلیم حافز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-16-17:20:00 - کۆدی بابەت: 3356
عەبدولحەلیم حافز

ناوه‌ڕۆك

ژیانی کەسی

عەبدولحەلیم، گۆرانیبێژ و ئەکتەری میسرییە، بە یەکێک لە گرنگترین گۆرانیبێژەکانی عەرەب دادەنرێت لە سەدەی ۲٠، ناوی تەواوی (عەبدولحەلیم عەلی ئیسماعیل شەبانە)یە، لە ۲۱/٦/۱۹۲۹ لە گوندی (حەلەوات)ی سەر بە پارێزگای شەڕقیەی وڵاتی میسر لەدایک بووە، منداڵی چوارەمی خێزانەکەی بوو دوای (ئیسماعیل و محەمەد و عەلیە)، دوای چەند ڕۆژێک لە لەدایکبونی دایکی کۆچی دوایی دەکات، بەر لەوەی تەمەنی بگات بە ساڵێک باوکیشی کۆچی دوایی دەکات، بۆیە لای خاڵی دەژی. لە ساڵی ۱۹٤۳ دا لە پەیمانگای مۆسیقای عەرەبی بەشی ئاوازدانان وەردەگیرێت، دوای تەواوکردنی پەیمانگا بۆ ماوەی ٤ ساڵ دەبێتە مامۆستا و وانەی میوزیک دەڵێتەوە، سەرەتا لە قوتابخانەیەک لە تەنتا وانەی دەگوتەوە، پاشان چوو بۆ زەقازیق ئینجا بۆ قاهیرە، دوای ٤ ساڵ دەست لەکار کێشانەوەی لە پیشەی مامۆستایەتی پێشکەش کرد و بوو بە عازفی ئۆپوا لە تیپی مۆسیقای ڕادیۆی قاهیرە.

بێژەری ئیزگە (حافز عەبدولوەهاب) درک بە بەهرەی عەبدولحەلیم حافز دەکات و پێشنیاری تاقیکردنەوەی دەنگی لە بەڕێوبەرانی ئیزگە دەکات، دوای دەرچونی لە لیژنە پێشنیاری دانانی نازناوێکی هونەری بۆ دەکەن، ئەویش وەک ڕێزێک بۆ حافز، ناوی ئەو دەخاتە پاشگری هونەریەکەی و دەیکات بە عەبدولحەلیم حافز.

عەبدولحەلیم لە پەیمانگا بە هەردوو ئاوازدانەر (کەمال تەویل و محەمەد مۆجی) ئاشنا دەبێت، کە لە دەستپێکی هونەریەوە تا مردنی لەگەڵی بەردەوام دەبن. ساڵی ۱۹٥۱ دوو گۆرانی لە ئیزگە تۆمار دەکات، ئەوانیش (لیقا و یا حلو یا اسمر) کە ئاوازی کەمال تەویل و محەمەد مۆجیە، لە ساڵی ۱۹٥۲ بۆ یەکەمجار دەچێتە سەر شانۆ و بەرامبەر دانیشتوان گۆرانی دەڵێت، بەڵام دانیشتوان زۆر خراپ ڕەتیانکردەوە و نەیانهێشت گۆرانیەکە تەواو بکات و ناچار لەسەر شانۆ دەرچوو، لە ساڵی ۱۹٥۳ بە هەمان گۆرانی (صافینی مرة) بەڵام بە ئاوازێکی نوێ هاتەوە سەر شانۆ و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، پاشان گۆرانی (علی قد الشوق)ی پێشکەش کرد، لە ساڵی ۱۹٥٤ لە یەکەم فیلمی سینەمایی خۆیدا ئەو گۆرانییەی گوتەوە، هەر لە دوای ئەوە نازناوی عندالیب الاسمر-ی لەلایەن هەوادارانیەوە پێبەخشرا.

گۆرانییەکانی

عەبدولحەلیم حافز بە نزیکی ۲۳٠ گۆرانی پێشکەش کرد، کە مەجدی عەمروسی هاوڕێی لە دوای مردنی عەبدولحەلیم هەموو گۆرانییەکانی کۆکردەوە و لە کتێبێکدا بە ناوی (کراسة الحب و الوطنیە... السجل الکامل لکل ما غناە عبدالحلیم حافظ). گۆرانییە سۆزدارییەکان بەشی زۆری گۆرانییەکانی عەبدولحەلیم سۆزدارییە.

بە ناوبانگترینەکانی

• صافینی مرة: ئاوازی محەمەد مۆجی

توبە: ئاوازی محەمەد عەبدولوەهاب

یا خلی القلب: لە فیلمی "ابي فوق الشجرة" پێشکەشی کرد، ئاوازی محەمەد عەبدولوەهابە.

زی الهوی: یەکەم گۆرانی ماوە درێژی عەبدولحەلیم بوو، لە ساڵی ۱۹۷٠ پێشکەشی کرد، ئاوازی بەلیغ حەمدیە.

رسالة من تحت الماء: ئاوازی محەمەد مۆجی و شیعری نزار قەبانیە.

قارئة الفنجان: دوا گۆرانی عەبدولحەلیم حافزە، لە بەهاری ۱۹۷٦ پێشکەشی کرد، شیعری نزار قەبانیە و ئاوازی محەمەد مۆجیە.

من غیر لیە: پاش تەواوبونی پڕۆڤەی گۆرانییەکە عەبدولحەلیم باری تەندروستی تێک دەچێت و دەچێتە لەندەن، بڕیار دەبێت کە دوای گەڕانەوەی پێشکەشی بکات، بەڵام لەوێ کۆچی دوایی دەکات، پاشی ۱۲ ساڵ محەمەد عەبدولوەهاب ئاوازدانەری گۆرانییەکە خۆی پێشکەشی دەکات.

گۆرانییە نیشتیمانییەکان

یەکێک لە هۆکارەکانی درەوشانەوەی عەبدولحەلیم گۆرانییە نیشتیمانییەکانی بوو، عەبدولحەلیم کوڕی شۆڕش بوو، دوای شۆڕشی ۱۹٥۲ی میسڕ دەرکەوتبوو، گۆرانییە نیشتیمانییەکانی و ئەو جۆش خرۆشییەی لە گۆرانییەکانیدا بەدی دەکرا، وای کرد جەمال عەبدولناسڕ سەرۆکی ئەو کات بۆ هەر ئاهەنگێکی نەتەوەیی گەلی میسڕ بانگهێشتی بکات.

بەناوبانگترینەکانی

• العهد الجدی، احنا الشعب، المسیح، الوطن الاکبر، احلف بسماها، ابنك بیقوللك یا بطل...الخ. سروودە دینییەکان

• "نفضت عينيا المنام"

• "أنا من تراب"

• "على التوتة"

• "أدعوك يا سامع"

• "ورحمتك في النسيم"

• "بينى وبين الناس"

• "والحبة في الأرض"

• "خلينى كلمة"

• "ورق الشجر"

• "بين صحبة الورد"

• "يا خالق الزهرة " هەموویان لە ئاوازی محەمەد مۆجین.

فیلمەکانی

1. ۱۹٥٥ لحن الوفاء(ئاوازی وەفا) لەگەڵ شادیە و حوسێن ڕەزا. یەکەم فیلم

2. ۱۹٥٥ ایامنا الحلوة (ڕۆژە جوانەکانمان) لەگەڵ فاتن حەمامە و عومەر شەریف و ئەحمەد ڕەمزی.

3. ۱۹٥٥ لیالي الحب (شەوانی خۆشەویستی) لەگەڵ ئەمال فەرید و عەبدولسەلام نابلسی.

4. ۱۹٥٥ ایام و لیالي (ڕۆژەکان و شەوەکان) لەگەڵ ئیمان و ئەحمەد ڕەمزی و مەحمود ملیگی.

5. ۱۹٥٦ موعد الغرام (ژوانی دڵداری) لەگەڵ فاتن حەمامە و عیماد حەمدی و ڕوشدی ئەبازە.

6. ۱۹٥٦ دلیلة (دەلیلە) لەگەڵ شادی و فردەوس محەمەد. یەکەم فیلمی سینەمایی ڕەنگا و ڕەنگ بوو.

7. ۱۹٥۷ بنات الیوم (کچانی ئەو سەردەمە) لەگەڵ ماجیدە و ئەمال فەرید و ئەحمەد ڕەمزی.

8. ۱۹٥۷ الوسادة الخالیة (سەرینی بەتاڵ) لەگەڵ ئەحمەد ڕەمزی و لوبنە عەبدولعەزیز و عومەر حەریری. لە ڕۆمانی ڕۆماننوسی بەناوبانگ "ئیحسان عەبدولقدوس" وەرگیراوە.

9. ۱۹٥۷ فتی احلامي (کوڕی خەونەکانم) لەگەڵ مونا بەدر و عەبدولسەلام نابلسی.:

10. ۱۹٥۸ شارع الحب (شەقامی خۆشەویستی) لەگەڵ سەباح و عەبدولسەلام نابلسی.

11. ۱۹٥۹ حکایة الحب (چیرۆکی خۆشەویستی) لەگەڵ مریەم فەخرەدین و عەبدولسەلام نابلسی و مەحمود ملیگی.

12. ۱۹٦٠ البنات والصیف (کچەکان و هاوین) لەگەڵ سوعاد حوسنی.

13. ۱۹٦۱ یوم من عمري (ڕۆژێک لە تەمەنم) لەگەڵ زوبێدە سەروەت و مەحمود ملیگی و عەبدولسەلام نابلسی و سوهێر بابلی.

14. ۱۹٦۲ الخطایا (هەڵەکان) لەگەڵ عیماد حەمدی و حەسەن یوسف و نادیە لوتفی و مەدیحە یوسری.

15. ۱۹٦۷ معبودة الجماهیر (پەرستراوی جەماوەر) لەگەڵ شادیە و فوئاد موهەندیس و یوسف شەعبان.

16. ۱۹٦۹ ابی فوق الشجرة (باوکم لەسەر دارە) لەگەڵ عیماد حەمدی و نادیە لوتفی و مێرڤەت ئەمین. کۆتا فیلم.

نەخۆشکەوتن و مردنی

عەبدولحەلیم لە تەمەنی ۱۱ ساڵیدا توشی بلهارسیا دەبێ، کە ئەو نەخۆشییە تا مردنی لەگەڵیدا بوو، چەندەها جار بەهۆیەوە لە کاری هونەری دووردەکەوتەوە، زیاتر لە ٦٠ نەشتەرگەری بۆ گەدە و جگەری ئەنجامدا بەهۆیەوە. لە کۆتاییدا لە ڕۆژی چوارشەممە، بەرواری ۳٠/۳/۱۹۷۷ لە کاتژمێر ۱٠ی ئێوارە بە کاتی لەندەن، عەبدولحەلیم حافز کۆچی دوایی کرد، ۲ ڕۆژ دواتر تەرمەکەی گەڕێندراوە میسر و بە ئامادەبونی زیاتر لە ۲ ملیۆن کەس بەخاکسپێردرا.


سەرچاوەکان



835 بینین