سیستمی کۆنفیدراڵی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-17-20:13:00 - کۆدی بابەت: 2444
سیستمی کۆنفیدراڵی

ناوه‌ڕۆك

کۆنفیدراڵی

کۆنفیدراڵی یاخود یەکگرتنی کۆنفیدراڵی (بە ئینگلیزی: Confederation)، کۆنفیدراسیۆنێکە ئەندامەکانی کۆمەڵێک وڵاتی سەربەخۆن کە بەپێی ڕێکەوتنێکی پێشوو، کۆمەڵێک لیژنەی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ ڕێکخستنی سیاسەتەکانیان لە چەند ناوچە و بابەتێکدا، بەبێ ئەوەی دەوڵەت یان قەوارەیەک پێکبهێنن پێکەوە و بکەونە نێو یەک سنووری یەکگرتوو کە ئەوە پێی دەوترێت فیدراڵی و بابەتێکی دیکەیە.

کۆنفیدراڵی، ڕێز لە پرەنسیپی سەروەریی نێودەوڵەتی ئەندامەکانی دەگرێت، لە سیاسەتی مۆدێرندا کۆنفیدراڵی یەکێتییەکی هەمیشەیی کۆمەڵێک دەوڵەتی خاوەن دەسەڵاتە کە بەرنامەی کاریان بەرانبەر وڵاتانی دیکە هاوبەشە.

زۆرجار بە پەیمانێک دەست پێدەکات، بەڵام زۆربەی کات پەنا دەبات بۆ نووسینی دەستوورێکی هاوبەش. زۆر جار سیستمی کۆنفیدراڵی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە هەستیارەکانی وەک بەرگری، کاروباری دەرەوە یان دراوی هاوبەش دادەمەزرێن، و ئەوکات پێویستە حکوومەتی ناوەند پشتیوانی بۆ هەموو ئەندامان دابین بکات.

لە چوارچێوەیەکی تردا وشەی کۆنفیدراڵی بەکاردێت بۆ وەسفکردنی جۆرێک لە لیژنەکان کە یەکێک لە پێکهاتەکانی نیمچە سەربەخۆیە، وەک کۆنفیدراڵیی وەرزش یان یەکیەتی سەندیکاکان.

لە بەناوبانگترین کۆنفیدراڵییەکانی سەردەم هەریەک لە یەکێتیی ئەورووپا و ئۆپیک و ڕێکخراوی باکووری ئەتڵەسین.

واتایەکی سانای کۆنفیدراڵی

کۆنفیدراڵی بریتییە لە یەکگرتنی دوو وڵات لەڕووی دەنگ و سیاسەت و کارەوە، بەڵام سنوورەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و نابنە یەک وڵاتی خاوەن یەک ناو و خاک و زمان، بەڵکوو لە بڕیار و کارێکی هاوبەشدا پێکەوە کاردەکەن و یەکدەنگن.

کۆمەڵێک کۆنفیدراڵی مێژوویی

کۆنفیدراڵیی گایا لە نێوان ساڵانی ٤٢ – ٥٣٢: یەکگرتنی کۆمەڵێک هەرێمی کۆری لە ڕووباری ناکدۆنگ لە کۆریای باشوور.

ئەڵمانیا کە پاش ئیمپراتۆریەتی پیرۆز دروست بوو پێش یەکگرتنی لە ساڵی ١٨٠٦و ١٨٤٨.

کۆنفیدراسیۆنی ڕاین (١٨٠٦ - ١٨١٣) کە سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتی نەبوو.

شانشینی ئاراگۆن لە ١١٣٧ بۆ ١٧١٦

یەکێتیی عەرەبی لە ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٧٨١ – ١٧٨٩

سڕبیا و مۆنتینیگرۆ ١٩٨٢ – ٢٠٠٦

سەنیگال و گامبیا لە ١٩٨٢ – ١٩٨٩

سویسرا لە نێوان ١٢٩١ بۆ ١٨٤٨ کۆنفیدراڵی بوو، دواتر گۆڕا بۆ فیدراڵی بەڵام ناوەکەی هەر بە "کۆنفیدراڵی سویسری" مایەوە.

کۆماری عەرەبی یەکگرتوو کە یەکگرتنێکی کۆنفیدراڵی نێوان میسڕ و سووریا بوو لە نێوان ١٩٥٨ بۆ ١٩٦١.

ڕێکخراوەکان

دەوڵەتانی سەربەخۆی هاوقازانج: ساڵی ١٩٩١ لە ٩ وڵاتی نێو یەکێتیی سۆڤیەت دروست بوو دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتییەکە.

ئیرۆکوا: گروپێک لە نەتەوە ڕەسەنەکانی ئەمریکا لە کەنەدا و ئەمریکا، ساڵی ١٦٠٠ دامەزراوە.

ڕێکخراوی ئۆپیک: ساڵی ١٩٦٠ دامەزراوە، کۆنفیدراڵییەکە بە مەبەستی ڕێکخستنی سیاسەتی نەوت و بەرهەمداری بۆ جێگیریی بازاڕ و نرخی نەوت.

دەوڵەتی یەکگرتوو: کە بە ناوی دەوڵەتی یەکگرتووی ڕووسیا و بیلاڕووسیش ناودەبرێت، یەکگرتوویەکی سەروونەتەوەیییە و لە ڕووسیای یەکگرتوو و کۆماری بیلاڕووس پێک دێت و ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە.

یەکیەتی ئابووری ئۆراسیا: ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و لە هەریەک لە ئەرمینیا و بیلاڕووس و کازاخستان و قیرقزستان و ڕووسیا پێک دێت، خاوەن بازاڕێکی ناوخۆیی هاوبەش و سیاسەتێکی هاوبەشن.


سەرچاوەکان



1415 بینین