ناوهڕۆك
ئایا منداڵ منداڵەكەت پێگەشتووە؟
ئاساییە بۆ ئەو دایك و باوكانەی كە شانازی دەكەن بە زیرەكی منداڵەكانیانەوە و ناوی تریان لێدەنێن وەكو پێگەشتوو، بلیمەت یان ناوی تر بۆ دەربڕینی ئەو زیرەكییە لە ڕادەبەدەری كە ئەو منداڵە ھەیەتی ھەرچەندە ئەو سیفەتانە دەرخەر و پێوەرێكی زانستی نییە بۆ ئاستی زیرەكی منداڵ.
لە پێناسەی زیرەكی لە ڕادەبەدەری منداڵ دكتۆر (پیتەر كوندون) بەڕێوبەری (مەڵبەندی زاانیاری منداڵە بەھرەمەندەكان) دەڵێت: زاراوەی ڕاست بۆ ئەو منداڵانە بریتیە لە (ئەو منداڵانەی خاوەن زیرەكی باڵان) (high intelligence) لەژێر ناوی ئەم زاراوە گشتیەدا دوو گروپ لە منداڵ ھەیە:
١- گروپێك خاوەن زیرەكی باڵان (hegh intelligence) واتە ئەنجامە تاقیكردنەوەی زیرەكی لای ئەم گروپە دەگاتە ١٣۰-١٤٤
٢- گروپێك خاون زیرەكی لە ڕادەبەدەری باڵان (very high intelligence)واتە ئەنجامی تاقیکردنەوەی زیرەکی لای ئەم گروپە دەگاتە ١٤٥ و زیاتر، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەر جیاوازی و تایبەتمەندی زۆری پەیوەندیدار بە زیرەکییەوە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە، زۆرێک لە منداڵان خاوەن زیرەکیەکی زۆر باڵان بەڵام تەنها لە بوارێکدا.
زانای فیزیای بەناوبانگ ئەنیشتاین داهێنەری تیۆری ڕێژەیی، سەرباری ئەو پێگەشتوییەی لە بواری فیزیادا، نەخۆشی فێربونی قورسی هەبووە(dyslexia دیسلیکسیا) و هەرگیز نەیتوانیوە فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بێت و زۆربەی کات بۆچوونەکانی بە ئاماژە و هێما دەربڕیوە وەک لە بەکارهێنانی ووشە، بۆیە دیارترین کێشە کە مناڵی زیرەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە خراپ هەڵسەنگاندنیەتی لەلایەن مامۆستایانیەوە و هەروەها خێزانەکەشی، چونکە لەوانەیە ئەو منداڵە بە تەمەڵ و کەمتەرخەم دەرکەوێت لە قوتابخانە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئاستی ئەو وانەیە لە چاو توانا عەقڵیەکانی ئەو منداڵەدا کە وایلێدەکات هەست بە بێزاری بکات و ئارەزووی نەمێنێت بۆ پابەند بوون، وە زۆر جار ئەم جۆرە منداڵانە توشی سزا و گوێ پێنەدان دەبنەوە لەلایان ئەو ئەو مامۆستیانەوە بەهۆی حساب نەکردن بۆ ئاستی بیرکردنەوەی ئەو منداڵە، بەشێوەیەکە کە ئەم منداڵانە مامەڵەی دروست دەکرێن و چاودێری تەواوەتیان بۆ دەکرێت کە یارمەتی دەربێت بۆ زیاتر دەرکەوتنی توانا عەقلیەکەیان.
نیشانەکانی زیرەکی پێشوەخت
لە کاتی تەمەنی منداڵی ڕووداو پێش فێربوونی ڕۆشتن و قسەکردن منداڵە زۆر زیرەکەکان هەندێک نیشانە و هەڵسوکەوت تایبەتیان دەبێت کە ئاماژەن بۆ زیرەکی پێشوەخت، لەو نیشانانەی کە کەسە پسپۆڕ و پەروەردەیەکان دیارییان کردووە بەم شێوەیە ڕیزکراوە:
- توانایەکی پيشوەختیان هەیە لەسەر کردارەکانی سەرنجدان و بینین و کۆنتڕۆڵکردنی کردارەکانی تەوالێت.
- خەوتنیان کەمترە لەچاو منداڵەکانی هاوتەمەنی خۆی.
- بەدواداچونیان بۆ کەسەکان و شتەکانی دەوروبەریان زیاتر بە بینینە، وە ڕوانینیان بۆ کەسانی نامۆ ڕوانینێکی پشکنەرانەیە، وە کاتێک گاز لە پارچە خواردن دەگرن بە شێوەیەکە کە وەک ئەوەی بیپێون یان بیکێشن
- توانای قسەکردن و ڕۆشتنیان بە چەند مانگێک زووتر لە هاوتەمەنەکانیان دروست دەبێت.
- کاتێک کەمێک گەورە دەبن، کارامەیی تایبەت نیشان دەدەن لە بەکارهێنان و گرتنی قەڵەم.
- پرسیاری قوڵ دەکەن و گرنگی دەدەن بە شیکردنەوە و زانینی هۆکار و ئەنجامەکان.
- بە شێوەیەکی ڕوونتر و بێگرێ تر لە هاوتەمەنەکانیان دەدوێن، وە خاوەنی ژمارەیەکی زۆرتر و جۆرێکی باشتر لە وشە و زاراوەکان.
- فێری خویندنەوە و نوسین دەبن لەتەمەنێکی زوو هەندێک جار بەبێ یارمەتی و پێش چوونە قوتابخانە.
- هەستی دەسپێشخەریان هەیە، بەوە جیا دەکرێنەوە کە تایبەتمەندێتی تاکێتی و ئیشە سادەکان قەناعەت ناکات.
- خاوەن ئاگایی مێشکی و وەڵامدانەوەی زۆر خێران.
- توانای قسەکردنێکی نایابیان هەیە.
- خاوەنی جیهانێکی خەیاڵی نائاساین.
- کارامەیی بێ وێنە نیشان دەدەن لە بیرکاری و شیکاری شتە ئاڵۆزەکان.
- کاتێک لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان ئەبن، ئەوان هەستێکی سەرکردەیی دەنوێنن و ڕێگەی نوێ و داهێنەرانە و هەمەڕەنگ پێشکەشدەکەن بۆ یارییەکان.
- زۆر جار حەز لە هاوەڵی ئەو کەسانە دەکەن کە تا ڕادەیەک گەورەترن لە خۆیان.
- ئەم کۆمەڵە سیفاتە کە پزیشکە دەروونیەکانی تایبەتمەند بە هەلسەنگاندنی منداڵانی پێشکەوتوو دایانناوە، دەتوانرێت ببێتە ڕێگە نیشاندەرێکی گشتی بۆ مامۆستایان و دایکان و باوکان کە یارمەتیان بدات لە دۆزینەوەی ئە منداڵە سەرکەوتوانە و یارمەتیدانیان بۆ گەشەپێدانی توانا عەقڵیەکانیان بە ئاڕاستەیەک کە سوودی خۆیان و خێزان و کۆمەڵگەی تێدا بێت.
دکتۆر (پیتەر کوندون) دەڵێت: هەڵەیەکی گەورەیە کە خێزانەکانیان وابزانن کە ئەم منداڵانە خۆیان ڕێگەی خۆیان دەدۆزنەوە و زیرەکییەکەیان دەیانگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە دەبێت ببێت، چونکە ئەو منداڵە هەر منداڵە و پێویستی بە ئاڕاستەکردن و ڕێنیشاندان و دروستکردنی کەشی گونجاو هەیە لەلایەن خێزانەکانەوە، نەش و نمای تواناکانی.
هەندێ جار ئەم منداڵانە شەرمن و داخراون، دەگونجێ لە خێزانێکی ئاسایی گەورە ببن کە نەزانن مامەلە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بکەن، لێرەوە ئەم منداڵە هەلی گەشەپێدانی تواناکانی لە دەست دەدات.
ئاگاداری بۆ خێزانەکان
ئەرکی مامۆستایانە بە خێزانەکان ڕابگەیەنن دەربارەی پێگەشتوویی مێشکی منداڵەکەیان، وە ئەرکی خێزانەکانە کە بەوریایەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵەدا بکەن، پسپۆڕە دەرونیەکان بەم شێوەیە ئامۆژگاری دایک و باوکانی منداڵە لێهاتوەکان دەکەن:
- قسەنەکردن بەسەرسوڕمانی بەردەوام لەبارەی ئەو منداڵەوە لەبەردەم هاوڕێیان و دراوسێکاندا، چونکە ئەوە وایان لێدەکات کە لەو منداڵە بێزار بن هەرچەندە لەوانەیە منداڵێکی مەمەڵە ئاسان و ڕووخۆش بێت.
- لەسەر دایک و باوکە کە گرنکی بدەن بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم منداڵەکانیاندا نەک تەنها لەگەڵ ئەو منداڵەیاندا.
- هەڵەیەکی گەورەیە کە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ منداڵی لێهاتودا بکرێت لە چاو خوشک و براکانیدا چونکە ئەمە توشی لەخۆبایی بونی دەکات کە زیانمەند دەبێت بۆ داهاتووی و شێوازی مامەڵەی لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵدا هەروەک ئەم مامەڵە جیاوازە دەبێتە هۆی دوودڵی و هەست بەکەمکردن و نائارامی بۆ خوشک و براکانی.
- لەسەر خێزانە کە ئاگاداری بەرهەمی تری منداڵەکانی تریان بن و بەرز بینرخێنن.
- پێویستە تێبینی ئەوە بکەن کە منداڵی سەرکەوتوو بێزار دەبن بە یاسا و داب و نەریت، لەم کاتەدا ئەرکی خێزانەکانە کە منداڵەکانیان ئاگادار بکەنەوە لە گرنگی یاسا و داب و نەریت لەژیاندا.
- لەوانەیە منداڵی لێهاتوو حەزی لە دیاری و ئەو یاریانە نەبێت کە ڕانگە زۆر جار پێشکەشی منداڵ بکرێت، لەو کاتەدا پێویستە ئەو دیاریانەی پێشکەش بکرێت کە گونجاوە بە پێی تەمەنی ئەقڵی نەک تەمەنی زەمەنی ئەو منداڵە چونکە زۆر جار ئەم منداڵانە تەمەنی ئەقڵیان بە دوو و سێ ساڵ لە پێشترە لە چاو تەمەنی زەمەنیان.
- لەوانەیە ئەم جۆرە منداڵانە سەربەخۆیی زیاد لە پێویستی خۆیان هەبێت و زۆر کەلـلە رەق بن و کەم ڕێزی پشان بدەن بۆ ئەوانی تر، کە پێویستە ڕێی پێنەدرێت ئەم کارە و فێری سنور بکرێت.
- پێویستە لەسەر خێزانەکانین کە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان نەکەن وەک پڕۆژەیەکی بەرهەمهێن، وە پێویستە لەسەریان فرسەتی ئەوەی بدەنێ کە بە منداڵی خۆی بژی لە لایەنی سۆزداریەوە، وە زۆر ئەرک و کاری قورسی مێشکی پێنەسپێرن.
- دیسان هەڵەیە ئەگەر خێزان بە منداڵەکەی بڵێت بە هۆی زیرەکی و لێهاتویەوە خۆشیان دەوێت و گرنگە بۆیان، ڕاست ئەوەیە بڵێن خۆشیان دەویت لەبەر خۆی ئیتر لەهەر حاڵەتێکدا بێت.
- منداڵ لێهاتوو پێویستی بە کتێب زۆرتر و شوێنێکی گونجاو هەیە بۆ پاراستنی کتێبەکانی و ئەنجام دانی ئەزمون و تاقیکردنەوەکانی بەڵام لەسەر خێزانەکان پێویستە کە چاودێری بکەن نەوەک هەست بە ئەنجام دانی ئەزمونی ترسناک و ئازاردەر.
- منداڵی لێهاتو کەمتر دەخەوێت لە ئەندامی خێزانەکەی و هاوتەمەنەکانی بە شێوەیەکی گشتی، پێویستە خێزانەکان لەمە تێبگەن و منداڵەکانیان ناچار نەکەن کە زیاتر بخەوێت لەوەی کە پێویستیەتی،
ئایا پێویستە بە منداڵەکەت بڵێیت کە سەرکەوتووە؟
ئەم کارە بە قورسترین هەڵوێست دادەنرێت کە خێزانەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە، منداڵی سەرکەوتوو بە شێوەیەک لە شێوەکان دەزانێت کە سەرکەوتووترە لە هاوتەمەنەکانی کە ڕەنگە بە شێوەیەکی نادیار هەست بکات کە ئەو جیاوازە لەوان و لەوانەیە ئەمە گرێیەکی دەروونی بۆ دروست بکات.
گرنکترین شت کە منداڵی سەرکەوتوو بیزانێت خاڵە لاوازەکانیەتی سەرەڕای خاڵە بەهێزەکانی، نوسەری شانۆی بەناوبانگی ئێرلەندی (بێرناردشۆ) دەڵێت: کە هیچ هەستێکم بە خۆشی نەکردووە مەگەر دوای ئەو کاتەی کە زانیومە خاوەنی خاڵی لاوازم سەرباری خاڵە بەهێزەکانم.
لەسەر خێزانەکان پێویستە بۆ منداڵەکەی ڕوون بکاتەوە لێهاتوویەکی جۆرێکە لە جیاوازی کە پێویست بە لەخۆبایی بوون ناکات، چونکە ئەم جیاوازیەش وەک ئەو جیاوازیەیە کە لە درێژی باڵا و ڕەنگ و جۆردا هەیە لەناو خەڵکی دا، هەروەها لەسەریانە کە دوور بکەونەوە لە وتنی سیفاتی وەک بەهرەمەند، پێگەشتوو، بلیمەت، هتد.. هەروەک پێویستە کە منداڵەکانیان تێبگەیەنن کە گرنک نیە مرۆڤ بەهرەمەند بێت یان خاوەن زیرەکی لە ڕادەبەدر بێت و بەس... بەڵکو گرنگتر ئەوەیە کە بزانێت چی دەکات لەو زیرەکیەی و چۆن بەکاریدەهینێت.