دەستوەردان لە هەموو کارێکی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-21:13:00 - کۆدی بابەت: 2039
دەستوەردان لە هەموو کارێکی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

دەستوەردان لە کارە ورد و درشتەکانی منداڵ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە دەستوەردان لە کارە ورد و درشتەکانی منداڵ، واتە منداڵ لەناو دەستیاندا وەک ڕۆبۆتێک وایە، بە کەیفی خۆیان دەیجووڵێنن و فەرمانی بەسەردا دەکەن و پێی دەڵێن: ئەمە بکڕە و ئەمە مەکڕە، ئەم کارە بکە و ئەم کارە مەکە، ئەمە بخۆ و ئەمە مەخۆ، ئەم یارییە بکە و ئەم یارییە مەکە و ...تاد.
هەموو ئەم فەرمان و دەستوەردانانەش وا دەکات کە منداڵ کەسایەتی و ئیرادەی خۆی لەدەست بدات و بڕوا و متمانەی بە خۆی نەمێنێت و ڕووبەڕووی کێشەی مەزن بێتەوە، ئەڵبەتە هەڵسوکەوتی ئەم جۆرە دایک و باوکانەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • لە پێناو پاراستنی منداڵ لە زیانە جەستەیی و مادییەکان.
  • بۆ کۆنترۆڵکردنی منداڵ.
  • لاسایی کردنەوەی خەڵکی دیکە.
  • بە چاوێکی کەم سەیرکردنی منداڵ.
  • گەمژەیی و کاڵفامی.
  • هەبوونی حەزی خۆسەپاندن و تاکڕەوی لە ناخی دایک و باوکدا.
  • نەزانین و نەشارەزایی.
  • دوورکەوتنەوە لە بەها پەروەردەییەکان.
  • ڕێز و بەها نەدانان بۆ منداڵ.
  • متمانە و باوەڕ نەبوون بە منداڵ.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوە.
  • نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.

لە ڕاستیدا ئەرکی دایک و باوکە هەمیشە چاودێربن بەسەر منداڵەکانیانەوە و لە کاتی پێویستدا ڕێنمایی و ئامۆژگارییان بکەن، بەڵام نەگاتە ئاستێک کە منداڵ هیچ دەسەڵات و حەز و هەڵبژاردەیەکی نەمێنێ و ببێتە ئامێر و ڕۆبۆتێک بە دەستیانەوە، چونکە لەو حاڵەتەدا زیانێکی زۆر بە خودی قوتابی و کۆمەڵەگەش دەگەیەنێت، کە لەم چەند خاڵەدا چری دەکەینەوە:

  • منداڵ متمانە و بڕوای بە خۆی نامێنێ.
  • کەسایەیتیەکی لاوازی دەبێت.
  • منداڵ کە گەورە بوو، فێرە ژیانی بکە و نەکە دەبێت و هەمان ڕێچکەی دایک و باوکی دەگرێتەبەر.
  • بە شێوەیەکی ناتەندروست پەروەردە دەبێت.
  • ڕقی لە دایک و باوکی دەبێتەوە.
  • دووچاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دەبێت.
  • تووشی دوورەپەرێزی و گۆشەگیری دەبێت.
  • کۆمەڵگە لە بەهرە و تواناکانی بێبەش دەبێت.
  • منداڵ لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی و لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان چیتر دەست بۆ کارە ورد و درشتەکانی منداڵەکانیان نەبەن و زیانی پێ نەگەیەنن، دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • دەبێ دایک و باوک مەودایەک بۆ ئازادی منداڵ جێبێڵن.
  • دەبێ دەست لە کارە ورد و درشتەکانی منداڵ وەرنەدەن.
  • دەبێ لە کاتی پێویست، منداڵ ئامۆژگاریی و ڕێنمایی بکرێت.
  • دەبێ دایکو  باوک ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • نابێ هەموو بڕیارێک بەسەر منداڵەکانیاندا بسەپێنن.
  • دەبێ زوو بڕیار نەدەن.
  • دەبێ دایک و باوک بە هەماهەنگی و یەک هەڵوێستی و بە پرس و ڕاوێژ کارەکانیان ئەنجام بدەن.
  • دەبێ لە کاتی پێویستدا پرس و ڕا بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکەن.
  • دەبێ ئاشنا بن بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ و شێوازی سەرەدەریکردن لەگەڵ منداڵدا.


سەرچاوەکان



400 بینین