ناوهڕۆك
لاوازیی پەیوەندیی نێوان دایک و باوک منداڵ
هەبوونی پەیوەندییەکی توندوتۆل و پتەو لە نێوان دایکان و باوکان و منداڵەکانیان، نەک هەر کارێکی باشە، بگرە زۆر پێویستیشە، چونکە هەبوونی ئەم جۆرە پەیوەندییە دەبێتە بەردی بناغەی خۆشەویستی و هاوکاری و لێکتێگەیشتن و پێکەوە هەڵکردن، وەلێ مخابن! هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە لاوازی پەیوەندی لە نێوان ئەوان و منداڵەکانیان، واتە، پەیوەندییەکە هێندە لاوازە، لەسەر لێواری پچڕان و دابڕاندایە، بە پلەی یەکەمیش باوان بەرپرسیارن!
هۆکارەکەیشی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- دووری دایک و باوک یان هەردووکیان لە منداڵەکانیان، بەهۆی کۆچ یان نەخۆشی، یان کار یاخود هەر حاڵەتێکی دیکەی لەو جۆرە.
- بێ بەزەیی و دڵرەقیی دایک و باوک.
- هەستنەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
- دڵرەقی و توندوتیژی دایک و باوک بەرامبەر بە منداڵەکانیان.
- خۆدزینەوە لە ئەرک و کارەکانیان.
- ئاشنانەبوونیان بە شێوازە دروستەکانی پەروەردە و فێرکردن و نەبوونی ڕۆشنبیری پەروەردەیی.
- گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دایک و باوک لە خەڵک.
- هەبوونی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
- هەبوونی نەخۆشی و ناخۆشی دەروونی و جەستەیی.
- هەژاری و فرەکاری.
بێگومان هەبوونی پەیوەندییەکی لاواز لە نێوان باوان و منداڵەکانیان، زیانێکی زۆر بە خودی باوان و خێزان و کۆمەڵگە و منداڵەکانیان دەگەیەنێت، کە ئەو زیانانەی لە چەند خاڵێکدا چڕدەکەینەوە:
- منداڵ متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێ.
- منداڵ ناتوانێ پشت بە توانا و بەهرەکانی خۆی ببەستێت و متمانەی بە خۆی نامێنێت.
- منداڵ هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ و خەمباری دەکات.
- منداڵ هەست بە ترس و بیم دەکات.
- هەست و سۆزی منداڵ بەرامبەر دایک و باوکی لاواز دەبێت.
- منداڵ لە دایک و باوکی دوور دەکەوێتەوە.
- منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
- منداڵ دەبێتە هاوڕێی کەسانی خراپ و لاسار و سەرەڕۆ.
- منداڵ هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات.
- منداڵ لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خزم و کەس و هاوڕێیانیدا سەرکەوتوو نابێت.
- مندال ناتوانێ بە شێوەیەکی تەندروست گەشە بکات، جونکە نەبوونی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ ماڵەوە و ژینگەی قوتابخانە و دەرەوە، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کەسایەتی ئەو جێدێڵێت.
- دایک و باوک و منداڵ بە چاوی گومانەوە سەیری یەک دەکەن.
- خێزان و کۆمەڵگە لە توانا و بەهرەکانی ئەم جۆرە منداڵانە بێبەش دەبن.
- لاوازیی ئەم جۆرە پەیوەندییە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و سەرئێشە بۆ خێزان و کۆمەڵگە، هەروەها دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی کۆمەلایەتی و خێزانی و ماڵجیایی ئەندامانی خێزان.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایک و باوک پردێکی پتەوی پەیوەندیی لەگەڵ منداڵەکانیان دروست بکەن و لە رێگەی ئەو پەیوەندییەوە نەوەیەکی دانا و زان و بەتوانا و وشیار و بیدار و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن، دەبێ بە پەیوەندییە نەرێنی و لاوازەکانی خۆیاندا بچنەوە و ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:
- دەبێ پەیوەندی باوان لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەر بناغەی خۆشەویستی و ڕێزگرتن و لێبوردەیی بێت و بەردەوام بێت.
- نابێ باوان لە سەرەدەریکردنیاندا لەگەڵ منداڵەکانیان پەنا بۆ قسەی ڕەق و زبن ببەن.
- دەبێ کێشەکانیان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
- دەبێ ڕێز لە منداڵەکانیان بگرن و نەیانشکێننەوە.
- دەبێ بە شێوەیەکی زانستییاەن و پەروەردەییانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
- دەبێ خۆیان لە هەڵچوون و تووڕەبوونی ئاگرین بپارێزن.
- دەبێ کەشێکی گونجاو لە ناو خێزاندا فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی هەموو ئەندامانی خیزان بتوانن پێکەوە هەڵ بکەن.
- دەبێ باوان خۆ لە ستەم و زۆرداری بپارێزن.
- دەبێ باوان خۆ لە نادادپەروەری بپاریزن و بە یەک چاو سەیری هەموو منداڵەکانیان بکەن.