ناوهڕۆك
کوشتنی بەهرە و تواناکانی منداڵ
هیچ کەسێک، بە منداڵیشەوە نییە کە خاوەن بەهرە و توانای تایبەت بە خۆی نەبێت، جا ئەگەر توانرا گەشە بەو بەهرە و توانایانە بدرێت، ئەوا سوودێکی زۆر بۆ خودی ئەو کەسە و کۆمەڵگە دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو بەهرە و توانایانە پشگوێ خران یان نادیدە گیران، ئەوا هەموو خودی کەسەکە، هەمیش کۆمەڵگە زەرەرمەدن دەبێت و ناتوانێ بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن و تێگەیشتن و پێگەیشتنی خۆی، سوود لە بەهرە و توانایانە وەربگرێ.
ئەڵبەتە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن بریتییە لە کوشتی بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- نا وشیاری و بێئاگایی دایک و باوک بەرامبەر منداڵ.
- نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.
- هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
- بەهەڵە سەردەریکردن لەگەڵ منداڵ.
- فەرامۆشکردن و پشتگوێ خستنی منداڵ.
- لەبەرچاونەگرتنی بەهرە و تواناکانی منداڵ.
- گەشەنەدان بە توانا و بەهرەکانی منداڵ.
- تێرنەکردنی حەزە سەرەکیەکانی منداڵ.
- ئاشنا نەبوون بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.
- خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
هەموو ئەم هۆکارانە و هۆکارەکانی دیکەش، وا دەکات کە منداڵ نەتوانێ لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو بێت و نەتوانێ پەرە بە بەهرە و توانای شارایەوە، بەڵام ئەوە دایک و باوک و ژینگەی خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەیە کە وادەکات ئەو بەهرە و توانایە گەشە بکەن یان بمرن!
بێگومان ئەگەر پەرە بە بەهرە و تواناکانی منداڵ نەدرێت، زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ و خێزان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، کە لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕوو:
- بەهرە و توانا ماتەوزەکانی منداڵ نادۆزرێتەوە و گەشەیان پێنادرێت، هەندێ جاریش دەگاتە ئاستی کوشتنی ئەو بەهرە و توانایە.
- منداڵ لە بەهرە و توانا ڕاستەقینەکانی خۆی بێبەش دەبێت.
- منداڵ لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
- منداڵ ناتوانێ وەک پێویست پێشڤە بچێت و حەز و ئارەوزووەکانی بێنێتە دی.
- منداڵ لە هاوڕێ بەهرەمەند و توانادارەکانی خۆی جێدەمێنێ.
- منداڵ لە خوێندن سەرکەوتوو نابێت.
- بە لەدەستدای توانا و بەهرەکانی منداڵ، خێزان و کۆمەڵگە زەرەرمەند دەبن.
چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە
پێویستە دایک و باوک ئەو ڕاستییە بزانن کە وا منداڵ وەک پەڕەیەکی سپی وایە، بۆیە هەر شتێکیان گەرەک بێت، دەتوانن تێیدا تۆماری بکەن، جا پێویستە ئەو دەرفەتە زێڕینە بقۆزنەوە و بە جددی هەوڵدەن پەی بە توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان ببەن و هەموو هۆکارێکی ماددی و مەعنەوی بگرە بەر بۆ گەشەدان بەو بەهرە و توانایانە، تاکو لەسەر قاچەکانیان بوەستن و بتوانن هەمبەر بە ئاستەنگەکانی ژیان خۆڕاگر بن و بەوپەڕی تواناوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو بنێن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بهاوێژن:
- بەخشینی خۆشەویستی بە منداڵ.
- پەروەردە کردنی منداڵ بە شێوەیەکی زانستییانە.
- پەی بردن بە توانا و بەهرەکانی منداڵ و دۆزینەوەی ئەو بەهرە و توانایانە.
- سەردەریکردن لەگەڵ منداڵ بە شێوەیەکیت زانستیانە و بابەتیانە.
- بەردەستکردنی گشت توانا ماددی و مەعنەوییەکان بۆ منداڵ.
- دوورخستنەوەی منداڵ لە دۆست و هاوڕێی خراپ و لاسار.
- پارازستنی مافەکانی منداڵ.
- هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی.
- خۆ دوورخستنەوە لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژ بەری منداڵ.
- یارمەتیدانی منداڵ بۆ گەشەدان بە توانا و بەهرەکانی.
- سوود وەرگرتن لە شارەزایی زانا و پسپۆڕانی پەروەردەیی.
- خۆپاراستن لەسەرکۆنەکردنی منداڵ.