سەقەر

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-10-06-20:40:00 - کۆدی بابەت: 634
سەقەر

ناوه‌ڕۆك

سەقەر چییە؟

لەناو قورئانی پیرۆزدا کە وتەی بەرز و پیرۆزی خودای گەورەیە و بۆ سەر پێغەمبەر محەمەد ﷺ ـی دابەزاندووە بۆ ئەوەی گشت مرۆڤایەتی و جنۆکەکان بانگ بکات بۆ ئیسلام و ئاگادریان بکاتەوە لە مردن و ڕۆژی دوایی و بەهەشت و دۆزەخ، هەر بۆیە لە قورئاندا شێوازی میهرەبان و لەسەر خۆیی بەکار هێنراوە، هاوکات شێوازی ئاگادارکردنەوەیەکی شێوە ترساندنی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی خۆ بپارێزن لە دۆزەخ.

لە قورئاندا زۆر باسی نیعمەت و بەخششەکانی دونیا و بەهەشت و ئەو کەسانە کراوە کە بە دەم بانگەوازی خودای گەورەوە دەچن، مژدەی ئەوەیان پێدراوە کە ژیانێکی خۆش و ڕزقێکی پاکیان پێ دەبەخشرێت و لە ڕۆژی دواییدا بەهەشتیان بە نسیب دەبێت، بەم شێوە مرۆڤ بەمە دڵخۆش دەبێت و هیوا و ئومێدی بۆ دروست دەبێت، هەروەها هانی دەدات بۆ ئەوەی ئەو نیعمەتە مەزنەی بە دەست بکەوێت و زۆر بە جوانی وەسفی بۆ کردوون بۆ ئەوەی هەر کەسێک و لەلای خۆیەوە قۆڵی بۆ هەڵبماڵیت، وە بە گرتنەبەری ئەم ڕێیە نەفس و دڵ و دەروون ئارام و ئاسوودە دەبێت، لە پاڵ ئەم مژدە خۆشانەدا کە قورئان دایناوە و مژدەی پێداوە بۆ ئەوانەی بەجێی دەهێنن، قورئان مرۆڤەکان ئاگادار دەکاتەوە و هۆشیاریان دەکاتەوە و دەیانترسێنیت بەوەی کە دورکەونەوە لەو شتانەی کە خودای گەورە حەرامی کردوون لە هەموو بوارەکاندا، وە ئەنجامدەرانی ئەم کارە بەڵێنی دۆزەخ و سزایەکی گەورە و سەرشۆڕکەریان پێدراوە، هەر بۆیە لە قورئان و فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەر ﷺ ـدا باس لەو تاقم و دەستانە کراوە کە دەچنە دۆزەخەوە، باسی وەسفەکانی ئاگری دۆزەخ کراوە، باسی دەرگاوان و ئەو سەربازانە کراون کە تایبەت کراون بەم بابەتەوە، بۆ ئەوەی کەسی بیسەر لەو حاڵە ناخۆشە بترسێت و خۆی لێ بە دوور بگرێت، هەر بۆیە لە قورئاندا دۆزەخ بە چەند ناوێکی جۆراوجۆر ناونراوە و ناوی هێنراوە، بۆ نموونە: (جهنم، هاویة، لظى، سقر) و زۆر ناوی تر, وە حیکمەتی ناو زۆری دۆزەخ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆ کەسی بیسەری ڕوون بکاتەوە کە ئەم شوێنە چەندە گەورە و ترسناکە، چونکە هەر شتێک کە زۆر ناوی زۆر بێت و زۆر باس بکرێت ئەوا نیشانەی گەورەیی و گرنگی ئەو شوێنەیە.

واتای سەقەر

سەقەر یەکێکە لە ناوەکانی دۆزەخ کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی کردووە، ناوی سەقەر چوار جار لە قورئانی پیرۆزدا باسی کراوە و ناوی هێنراوە، یەک جار لە سورەتی (القمر) و سێ جار ـیش لە سورەتی (المدثر)، خودای گەورە بەڵێنی سەقەری بە بێباوەڕ و هاوەڵ پەیداکەران داوە، ئەوانەی کە ئایەتەکانی خودای گەورەیان بە درۆ دەخەنەوە و گومانیان لە نێردراو و کتێبە پیرۆزەکان و ڕۆژی دوایی هەیە، بە ڕاستی ئەم تاقمانە لە حاڵ و بارودۆخێکدان کە هیچ کەسێک خۆزگە و ئاواتیان پێ ناخوازێت، چونکە ئەوانە بەناو دۆزەخدا بەسەر دەم و چاوەوە ڕادەکێشرێن، کە ئەم حاڵەتەش سوک و ڕسوایی و هیچی ئەم کەسانە ڕوون دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی بەڕێزترین ئەندامی لەشی مرۆڤ دەم و چاویەتی، هەر بۆیە پێیام دەوترێت (ذوقوا مس سقر)، واتە سزای ناو سەقەر بچێژن، ئەوەش لە پاداشتی ئەوەی کە بێباوەڕ بوون بەرامبەر ئایەتەکانی خودای گەورە و بە درۆتان دەخستەوە.

بنچینەی وشەکە لە زمانی عەرەبیدا

وشەی سەقەر ناوێکی عەلەمە بۆ دۆزەخ و ممنوع من الصرف ـە، بە مانای گۆڕان دێت، واتە گۆڕی یا ئێشی پێگەیاند، لە زمانەوانیدا دەوترێت (سقرته الشمس أو النار)، واتە تێکیدا و و ڕەنگەکەی گۆڕی، یا بە گەرماکەی ئازار و ئێشی پێگەیاند، هەروەها لە یەکێک لە ماناکانی سەقەر دا هاتووە کە بەمانای دووری دێت، دووری خستەوە، دوور کەوەوە، دەوترێت (سقر الشیء)، واتە ئەو شتە دوورکەوتەوە.

باسی سەقەر لە سورەتی المدثر

وەک پێشووتر ئاماژەی پێدار کە سەقەر سێ جار لەم سورەتە پیرۆزە ناوی براوە لە سێ ئایەتی جیادا، خودای گەورە دەفەرموێت: (سَأُصْلِيهِ سَقَرَ * وَمَا أَدْرَاكَ مَا سَقَرُ * لا تُبْقِي وَلا تَذَرُ * لَوَّاحَةٌ لِّلْبَشَرِ * عَلَيْهَا تِسْعَةَ عَشَرَ)، خودای گەورە بەڵینی سەقەر ـی بە یەکێک لە بێ باوەڕەکانی قوڕەیش دا کە ئەویش وەلیدی کوڕی موغیرە بوو، باوکی هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەر محەمەد ﷺ خالیدی کوڕی وەلید, لەبەر ئەوەی وەلیدی کوڕی موغیرە کاتێک کە وتەی بەرز و پیرۆزی خودای گەورەیان بۆ خوێندەوە وتی: "ئەم قورئانە سیحر و جادوویەکی نوسراوە و هەرگیز ئەمە وتەی پەروەردگاری بەدیهێنەری جیهانیان نییە بەڵکو ئەمە وتەی مرۆڤە"، هەر بۆیە خودای گەورە بەڵینی پێداوە کە دەیخاتە سەقەرەوە و سزای سەقەر دەچێژێت.

پاشان قورئان بە شێوەی سەرسوڕمان کە نیشانەی گەورەیی و ترسناکی ئەم شوێنەیە دەفەرموێت: (وَمَا أَدْرَاكَ مَا سَقَرُ)، واتە: جا تۆ چوزانی کە سەقەر چییە و چۆنە؟!, پاشان هەر زاتی پیرۆزی خودای گەورە وەڵام دەداتەوە و دەفەرموێت: (لا تُبْقِي وَلا تَذَرُ * لَوَّاحَةٌ لِّلْبَشَرِ * عَلَيْهَا تِسْعَةَ عَشَرَ)، واتە: ئەونە بە ئێشە سزاکەی کە گۆشت و ئێسقان و خوێن ناهێڵێت ئیلا دەیسووتێنێت، ئەوانەی لەم شوێنەدان نە دەهێڵێت بە زیندووی بمێننەوە، نە ڕێش دەدات کە بمرن تێیدا، هەر کاتێک کە نزیکن لەوەی بمرن دووبارە پێستەکانیان تازە دەبێتەوە و دووبارە دەسووتێنەوە و بەم شێوەیە پەنا بە خودای گەورە.

سەقەر ئاگرێکی بڵێسەدارە کە جەستە دەخوات، ئێسقان و گۆشت لەناو دەبات، زۆر بە ئێش و ئازارە، خودای گەورە بۆمانی ڕوون کردووەتەوە کە لەش دەسووتێنێت و ڕەش ڕەشی دەکاتەوە، ڕەشتر لە تاریکایی شەو، بەم شێوە خودای گەورە بێباوەڕان و هاوەڵ پەیداکەران ئاگادار دەکاتەوە و دەیان ترسێنێت بەو سزا سەختانە سا بەڵکو بەخۆیاندا بچنەوە و بگەڕێنەوە و ڕوو بکەنە ئیسلام، پاش ئەوەی خودای گەورە وەسفێکی پڕاو پڕی سەقەری بۆ کردین، باسی ئەو فریشتانەمان بۆ دەکات کە بەم کارە هەڵدەستن کە ئەویش سزادانی بێباوەڕ و هاوەڵ پەیداکەرەکانە، ژمارەی ئەو فریشتانە نۆزدە فریشتەیە، نۆزدە فریشتەی بەهێزی تووڕە کە بە هیچ شێوەیەک لە فەرمانی خودای گەورە دەرناچن و ئەوەی پەروەردگار فەرمانیان پێ بکات جێبەجێی دەکەن، وە سزادانی بێباوەڕ و هاوەڵ پەیداکەران بەو سزایانە لە حیکمەت و دادپەروەری خودای گەورەیە و پاداشتی ئەو کار و کردەوانەیە کە ئەنجامیان داوە.


سەرچاوەکان



1668 بینین