ڕامیاری بازرگانی

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-21-15:05:00 - کۆدی بابەت: 398
ڕامیاری بازرگانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بریتییە لە كۆمەڵە هۆكارێك كە دەوڵەت لە بازرگانیكردنی دەیگرێـتە بەر لە چوارچێوەی پەیوەندییە دەرەكییەكاندا ،بە مەبەستی بەدەستهێنانی چەند ئامانجی نەتەوەیی دیاریكراو. ئەو ئامانجانەش بە پێی ڕادەی پەرەسەندنی ئابووری دەوڵەتەكان دەگۆڕێت بۆ نموونە لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكاندا ئامانجەكە لە چوارچێوەی لێكدانەوەكانی (كینز)دا دەبێـت كە داوا دەكات خستنەگەڕی تەواوەتی بهێنرێتە دی، بەڵام لە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكاندا بە ئامانجی هێنانەدی پەرەپێدانی ئابووری ئاڕاستە دەكرێـت.

ئامانجەكانی ڕامیاری بازرگانی

 

أ-ئامانجی ڕامیاری

سیستەمە ئابورییە جۆراوجۆرەكان پەنا دەبەنە بەر دانانی كۆمەڵێك كار ڕاپەڕاندن و یاسا و ڕێسا كە لە ڕێگەیانەوە بازرگانی دەرەكی خۆیان ڕێك دەخەن.

لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەم كار ڕاپەڕاندنانە بۆ پشتگیری كردن لە بازاڕەكان دەكرێن، هەروەها لەم وڵاتانەدا جەخت دەكرێـت لەسەر پشتگیری كردنی كەرتی تایبەتی وەك لەو كۆمپانیا هاوبەشە گەورانەدا دەردەكەوێت كە ئەركی هاوردە و ناردنی جێبەجێ دەكەن، هەروەرها كاردەكەن بۆ ئازادكردنی دراوە نیشتیمانییەكانیان بێ هیچ چاودێرییەك، بەمەش ئەو بنەما سەربەستانە دادەنرێـت كە بازرگانی دەرەكی پێ ڕێكدەخەن لە پێناو پشتگیریكردنی سیستەمی سەرمایەدارییاندا.

ب-هاوسەنگی لە تەرازووی پارەداندا

زیادبوونی كورتهێنان لە تەرزاووی پارەدان بە تایبەتیش لە دەوڵەتە تازە پێشكەوتووەكاندا ناچاریان دەكات نەخشەكانیان بە شێوەیەك دابڕێژن كە هاوسەنگی لە تەرازووەكانیاندا دروست بكات، ئەمەش لە ڕێگەی زییادكردنی نێردراوەكانیان و قەرزكردن لە دەزگا داراییەكانەوە دەبێت تا جیاوازی نێوان نرخی هێنراو و نێردراوی پێ پڕبكاتەوە.

ج-خستنەگەڕی تەواوەتی

ئەمەش ئامانجێكی ئاشكرای ڕامیاری بازرگانییە بە تایبەتیش لە دەوڵەتە پیشەسازییە پێشكەوتووەكاندا، چونك كار دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕامیارییەكان بە شێوەیەك دەڕوانێتە بێكاری كە پەتایەكی ڕامیاری ترسناكە.

د-هێنانەدی پەرەپێدانی ئابووری

زۆربەی دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكان پاش ئەوەی سەربەخۆی ڕامییارییان بەدەست هێنا پاش جەنگی جیهانی دووەم ڕوویان كردە بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی ڕۆڵەكانیان ئەوانەی كە لە ساڵانێكی دوور و درێژ لە ژێر پاشكاوەی دواكەتووی ئابووری و ئیستیعماردا بوون، ئەم وڵاتانە پەنایان بردە بەر داڕشتنی ڕامییاریەكی تایبەت بۆ پەیوەندییە دەرەكییەكانیان و ڕێكخستنی ئەم پەیوەندییانە بە شێوەیەك كە سەررێژییەكانییان لە دراوی بیانی داب ۆ بهێنێتە دی تا لەو ڕێگەیەوە بتوانن ئەو پێداویستییانە بكڕن لە شمەكی سەرمایەداری كە بۆ هێنانەدی پەرەپێدانی ئابووری پێویستن.

ھ-خۆشگوزەرانی ئابووری

مەبەست لەم ئامانجە بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتییتە لە نێوان چینەكانی كۆمەڵگەدا بە شێوەیەك كە دەوڵەمەندەكان ئەركێمی زیاتریان بكەوێتە ئەستۆ وەك لە هەژارەكان بۆ نموونە لەوانەیە دەوڵەت ڕەسمی گومركی بخاتە سەر چەند شمەكێكی ڕواڵەتكاری بە ڕێژەی %200 لە نرخی شمەكەكان تا ڕادەی بەكارهێنانیان كەم بكرێتەوە و داهاتێكش كۆ بكاتەوە لە داهاتە بەرزەكان، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە دووبارە دابەشبوونی داهات لە نێوان هاوڵاتیان بهێنێتە كایەوە و شمەكە پێویستەكانیش بهێنێتە ناوەوە كە بۆ زۆرینەی خەڵكن.


سەرچاوەکان



4272 بینین